٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كورد رازی نابێ تایبەتمەندی بدرێ بەكەركووك

سەرچاوە: KDP.info

بەغداد -KDP.info/ لایەنی كوردی لەكۆبوونەوەی لیژنەی یاسای كشانەوە كەلەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە سازكرابوو، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش رایگەیاند "كورد كەركووكی بەهێڵی سوور داناوە لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا و ناكرێ تایبەتمەندی پێبدرێ و فرە بازنەیش نادادپەروەرییە.

ئەندامی هاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانیەكان، ئەشواق جاف بە KDP.infoی راگەیاند : لایەنی كورد لەكۆبوونەوەی لیژنەی یاسای پەرلەمانی عێراق كشایەوە كە كۆبوونەوەكە بۆ گەیشتنە رێكەوتنێك بوو لەسەر پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق هۆكارەكەشی موساهەمەكردنی عەرەب و توركمانەكانە لەسەر كەركووك، كە كورد رازی نابێ هیچ سازشێك لەسەر كەركووك بكرێ و ئەوشارەمان كردووەتە هێڵی سووری گفتوگۆكانمان.

باسی لەوەش كرد، لەئێستادا سەرۆكی بارستەكان لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئوسامە نوجێفی لەكۆبوونەوەدا تابگەنە رێكەوتنێك لەبارەی یاسای، لایەنی كوردی داواكارییەكانی روونە، بەهەموولایەكیشمان گوتووە كە كورد رازی نابێ تایبەتمەندی بۆ كەركووك دابنرێ، وەك هەر پارێزگایەكی دیكە پێویستە لەكەركووكیش بەهەمان شێوە هەڵبژاردنێكی شەفاف ئەنجام بدرێ.

زیاتر گوتی، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دادپەروەری تێدا بێ پێویستە هەڵبژاردنەكە لەسەرتاسەری عێراقدا بەیەك بازنە بێ، دابەش كردنی عێراق بۆ 18 بازنەی هەڵبژاردن واتای فەوتاندنی دەنگی كورد.

عێراق بەبێ كورد ناگاتە رێكەوتن لەسەر رۆژە یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی داهاتووی عێراق، چونكە كورد پێكهاتەیەكی سەرەكیی وڵاتەكەیە، و بەپێی دەستوور پێویستە مافەكانی بەیەكسانی بەسەر هەموو عێراقییەكاندا دابەش بكرێ ئەگەر لایەنەكانی دیكە بەبێ كورد بگەنە رێكەوتن واتە رێزیان لەدەستووری عێراق نەگرتووە و پێشێلكارییان ئەنجام داوە، ناكرێ هیچ جیاكارییەك هەبێ لەنێوان دەنگی كوردێك لەهەرێم یا كەركووك لەگەڵ دەنگدەرێكی عێراقی لەناوەراست و باشووری عێراق" ئەشواق جاف وای گوت.

باسی لەوەش كرد، ئەگەر بەبێ كورد یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق تێبپەڕێنرێ واتە زیندەبەچاڵكردنەوەی كورد لەلایەن عێراقەوە، چونكە رژێمی پێشووی عێراق كوردەكانی زیندەبەچاڵ دەكرێ بەزەبری هێز بەڵام لەئێستادا دەنگەكانی زیندەبەچاڵ دەركرێ.

روونشیكردەوە، جگە لەكورد پێیان وایە پێویستە عێراق بكرێتە 18 بازنەی هەڵبژاردنەوە ئەویش بۆ فەوتاندنی دەنگی كورد و سوود وەرگرتن لەجیاوازی دەنگی هەر كورسییەكی هەڵبژاردن لەپارێزگاكانی عێراقدا، بەنموونە لەهەڵبژاردنی 2005دا كە یەك بازنەی هەڵبژاردن بوو كورسیەكانی كورد چەند بوون كەچی لەهەڵبژاردنی 2010دا كە فرەبازنەیی بوون چەند بوون و چۆن كەمیان كرد 58 كورسی ئەگەر ئەمجارە بە18 بازنەی هەڵبژاردن بێ پێشبینی دەكرێ كورسییەكانی كورد بۆ 43 كورسی كەم بكات.

جەختی كردەوە، سوودی عێراقییەكانە و لەناویشیاندا بەتایبەت كورد كە ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردن بێ كە نرخی هەر كورسییەك وەك یەك دەنگ دەبێ بەڵام ناكرێ وەك هەڵبژاردنی 2010 كە نرخی كورسیەك 43 هەزار دەنگ بوو كەچی لەپارێزگاكانی دیكە 12 تا 15 هەزار دەنگ بوو، ئەمە كەی دادپەروەرییە.

هەواڵی پەیوەندیدار