ئەردۆغان: ئەسەد تیرۆریستێکە تیرۆری دەوڵەت پەیڕەو دەکات

ئەنقەرە –KDP.info / سەرۆک وەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: کەسێک کە ١١٠ ھەزار خەڵکی خۆی بکوژێت تیرۆریستە و بەشار ئەسەدیش ئەو کارەی کردووە. رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئامادەکردنی پاکێجێکی نوێ بۆ پۆلیس رایگەیاند: ئەوانەی کە نابیستن و شتێک بۆ خۆیان دروست دەکەن و دواتر کەناڵەکانی میدیایش بڵاوی دەکەنەوە، تا ئێستا ھیچ جۆرە دۆسیە و پێشنیارێکی لەوشێوەیە نەگەیشتۆتە بەردەستم و ئەمە یەکەم جارە لە ئێوەی دەبیستم. لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە خۆشحاڵی ئەمریکا لە ھەنگاوەکانی بەشار ئەسەد بۆ لە ناوبردنی چەکە کیمیاییەکانی سوریا، ماڵپەری ئەنادۆل لە زاری ئەردۆغان ئەوەشی بڵاوکردەوە : ئێوە مرۆڤن و منیش مرۆڤم، چۆن دەتوانین تەقدیری کەسێک بکەین کە ١١٠ ھەزار کەسی کوشتووە، ئایا شتێکی بەمجۆرە دەبێ؟ من پێم وانییە کەس ھەبێ دەستخۆشی لە ئەسەد بکات یا تەقدیری ئەسەد بکات و باوەر ناکەم جۆن کیری قسەیەکی بەمجۆرەی کردبێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها رایگەیاندووە: من چی دیکە بەشار ئەسەدم وەکو سیاسەتمەدار قەبووڵ نییە، ئەسەد تیرۆریستێکە تیرۆری دەوڵەت پەیڕەو دەکات، راشکاوانە دەڵێم کەسێک کە ١١٠ ھەزار کەس بکوژێت تیرۆریستە و ئێستە لە سووریا تیرۆری دەوڵەت پەیڕەو دەکربات.




