ئەگەر تاوەكو 30 ئەم مانگە لایەنەكان رێكنەكەون ئەوا هەڵبژاردن بەپێی یاساكەی 2005 بەڕێوە دەچێت

بهغدا- تایبەت بە KDP.info / دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەكۆی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بڕیارێك سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەركرا و بەپێی ناوەڕۆكی بڕیارەكە ئەگەر هاتوو تاوەكو 30 ی ئەم مانگە قەوارە سیاسیەكان نەگەیشتنە هیچ رێككەوتنێك لەبارەی پرۆژە یاسای هەڵبژاردن ئەوا هەڵبژاردنی مانگی چواری ساڵی داهاتوو بەپێی یاساكەی ساڵی 2005 بەڕێوە دەچێت.
شوان محمد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی هاوپەیمانی كوردستان تایبەت بۆkdp.infoگوتی: لەدانیشتنی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارێك دەركرا كە تیایدا هاتووە كە قەوارە سیاسیەكان نەگەیشتن رێكەوتنی كۆتایی لەسەر پرۆژە یاسای هەڵبژاردن بۆیە بڕیاردرا كە نابێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30-4 -2014 تێپەڕبكات هەروەها داواش لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كراوە كە ئامادەكاری بۆ ئەو مەبەستە بكرێت بەهەمان شێوەش داوا لە حكومەتی عێراقی كراوە كە بودجەی تایبەت تەرخان بكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكە لەوادەی خۆی بەڕێوەبچێت .
ناوبراو گوتیشی: هەر لە بڕیارەكەی ئەمڕۆدا هاتووە كە ئەگەر هاتوو تاوەكو 30-10-2013 قەوارە سیاسیەكان لەبارەی پرۆژ یاسای هەڵبژاردن نەگەیشتنە هیچ رێكەوتن و ئەنجامێك ئەوا دەبێت هەڵبژاردنەكە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ساڵی 2005 بەڕێوەبچێت.
شیاوی ئاماژە بۆكردنە بڕیارەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران بە كۆی دەنگ پەسەندكرا




