٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەردۆغان: 70% خەڵكی توركیا لە پاكێجی دیموكراتیزەكردن رازین

سەرچاوە: KDP.info

ئەنقەرە – KDP.info/ سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەرۆدغان رایگەیاند ئەو تورك و كورد و نەتەوەكانی تری توركیای خۆش دەوێ و ئاماژەی بەوەیشدا 60تا 70%ی گەلی توركیا لە پاكێجی دیموكراسی رازین. بەپێی هەوالێكی ئەنادۆڵ سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە هەڵسەنگاندنەكانی تایبەت بە پاكێجی دیموكراتیزەكردنی توركیا رایگەیاند: ئەو چینانەی كە دەناسرێن دووبارە دەستیان بە گوتنەوەی گۆرانییەكانی رابردوو كردووە و گوتی: لە دژی چی دەوەستن؟ لە ئاسوودەیی خوشكانی سەرپۆش بەسەری من لە دامودەزگا رەسمییەكاندا ناڕازین؟ ئێمە بۆ یەكسانیی خوشكانی بێ سەرپۆش و سەرپۆش بەسەرمان لە توركیا ئەم كارەمان كردووە.

ئەردۆغان گوتی، ئێمە وڵات و گەلی خۆمان خۆش دەوێ وەكو شیرین و فەرهاد، ئێمە فەرهادین و خەڵكی ئێمەیش شیرینە و بۆ گەیشتنی بە خەڵكی خۆمان بە تۆنێل و مێترۆ چیاكان دەبڕین و هیچ شتێك ناتوانێ لە بەردەم گەیشتنی ئێمە بە گەلی خۆمان ببێتە ئاستەنگ، بەهۆی متمانە بەخۆ بوونمانەوە سەربەرزین و سەركەوتوو دەبین.

هەروەها پرسی: رەگەزپەرستی چییە؟ ئێمە گەلی خۆمان زۆر خۆش دەوێ و بۆ بەهێزبوونی هەنگاوی گەورەتر دەنێین.

سەرۆك وەزیرانی توركیا گوتی: بۆ بەهێزتر و گەورەتركردنی توركیا پاكێجێكی ٢٨ مادەییمان راگەیاند و بەمجۆرە دەمانەوێ ئاستەنگەكانی بەردەم بەهێزبوونی توركیا یەك لەدوای یەك لە ناو بەرین، چونكە توركیا پێویستی بە رزگاربوون لەو ئاستەنگانە هەیە.

ئەردۆغان راگەیاند: ئەو چینانەی دەناسرێن هەر وەكو توتی دەستیان بە گوتنەوەی گۆرانییە كۆنەكانی خۆیان كردووە، دووبارە دەستیان بە گوتنەوەی چیرۆكەكانی رابردوو كردووە، دەبینین ئەوان جارێكی دیكە هەڵە دەكەن. ئەوانە جارێكی دیكە زەرەرمەند دەبن و توركیا سەردەكەوێ.

لەبارەی بارودۆخی زانكۆكان ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، لە زانكۆكانیشدا تێكۆشانێكی یەكجار زۆرمان كرد و رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووینەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا توانیمان بگەینە ئامانج. دەرگای زانكۆكانیان بەڕووی خوشكانی سەرپۆش بەسەری ئێمە دادەخست، بەڵام بەهۆی تێكۆشانی بێ وچانەوە ئەو دەرگایانە كرانەوە، ئایا كچە سەرپۆش بەسەرەكان كچی ئێمە نین؟ هیچ كێشەیەك لە نێوان كچەكاندا نەبوو، كێشە لە كوێ بوو؟ كێشە ئەو كەسانەبوون توركیایان بەڕێوە دەبرد. سەری داپۆشراوە یا دانەپۆشراوە وازی لێ بێنن با بخوێنێ، بۆ چی ئاستەنگیان بۆ دروست دەكەین.

 - سندوق هی خەڵك و ئیرادەی نەتەوەییە

سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا بۆ ئەوەی كچانی سەرپۆش بەسەر لە زانكۆكاندا نەخوێنن، دەسەڵاتدارانی رابردوو چییان لە دەست هاتووە كردوویانە، لە قوتابخانە پیشەییەكانیشدا ئەو كارەیان كردووە، هەروەها دەیانویست قوتابیانی ئیمام و خەتیب نەچنە زانكۆ. بەڵام ئەمڕۆ دەرچوانی قوتابخانە پیشەییەكان و قوتابخانەكانی ئیمام و خەتیب هەرهەموویان دەتوانن بچنە زانكۆ و پشت بە خوا لەمەودوا لە دەزگا رەسمییەكانیشدا دەتوانن بە سەرپۆشەوە خزمەت بكەن. پێویستە سەیر بكەین و بزانین كێ لەم هەنگاوانە ناڕازییە، لە كوێ دەتوانن لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكەن؟ لە سندوق، چونكە ئەمە دیموكراسییە و تایبەتمەندی باشی دیموكراسیەتیش ئەوەیە. سندوق هی گەل و ئیرادەی نەتەوەیە و هەمیشە لە سندوق ئیرادەی نەتەوە سەركەوتوو بووە.

ئەردۆغان گوتی: هەندێ كەس دەڵێن ئەو پاكێجە پاكێجێكی جیاوازە و پەرە بە جیاوازی دەدا. حاشا. چۆن دەتوانن شتێكی بەمجۆرە بڵێن، ئێمە گوێ بۆ قسەی هەر كەس شل ناكەین، تەنیا قسەی خەڵك بە هەند وەردەگرین، خەڵك لەو گۆڕانكارییانە رازییە، %60تا %70ی خەڵك لەو پاكێجە رازییە.

 

ئەردۆغان گوتی: كێ دەیەوێ ئەو مافانەی خوا بە ئێمەی داون لێمان بسێنێتەوە؟ لە ئاینی ئێمەدا نەتەوایەتی هەیە بەڵام جیاوازی و رەگەزپەرستی و هۆزگەرایی نییە. من توركم خۆش دەوێ و كوردم خۆش دەوێ، لاز و چەركەز و گورجی و رۆمەكانیشم خۆش دەوێ.

هەواڵی پەیوەندیدار