دوای 10 رۆژ لە تۆماركردنی تانەكان دادگا بابەتی هەژماركردنەوەو نەكردنەوەی دەنگەكان یەكلا دەكاتەوە

هەولێر- تایبەت بە kdp.info / دوای بڵاوبونەوەی ئەنجامی كۆتایی ئەو دەنگانەی كە قەوارە سیاسییەكان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەدەستیان هێناوە، هەندێك قەوارەی سیاسی باس لە دووبارە هەژماركردنەوەی دەنگەكان دەكەن، لە بەرانبەردا بەرپرسێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش دەڵێت با قەوارەكان داوا پێشكەشی دادگا بكەن، نەك كۆمسیۆن، چونكە دادگا بڕیار لە سەر دووبارە هەژماركردنەوە و نەكردنەوەی دەنگەكان دەدات.
هندرێن محمد ساڵح بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن بۆ(kdp.info ) گوتی: ئێمەش ئاگاداری ئەوەین كە رۆژانە هەندێک قەوارەی سیاسی لە رێگەی راگەیاندنەكانەوە یاخود لە رێگەی ترەوە داوا لە كۆمسیۆن دەكەن كە دووبارە دەنگی قەوارە سیاسییە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن هەژمار بكرێتەوە، بەڵام بەپێی یاسا و رێنماییەكان هەر قەوارەیەكی سیاسی تانەی لە ئەنجامەكە هەیە، دەتوانێت داوا و بەڵگە پێشكەش بەو دادگایە تایبەتە بكات كە لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەو مەبەستە دامەزراوە.
سەبارەت بە وادەی بڕیاری دادگا لەبارەی هەژماركردنەوە و نەكردنەوەی دەنگەكان ناوبراو گوتی: بەپێی یاسا 10 رۆژ دوای پێشكەش كردنی تانەی قەوارە سیاسییەكان، دادگا بەپێی رەچاوكردنی ئەو بەڵگە و تانانەی كە پێشكەشی كراوە بڕیار لە بارەی هەژماركردنەوە و نەكردنەوەی دەنگەكان دەدات.




