ئه‌ردۆگان: نه‌وتی خاو له کوردستان ده‌کڕین و سووته‌مه‌نیی پێویستیان بۆ دابین ده‌که‌ین

ماڵپه‌ڕی "ترکیا الیوم" له‌سه‌رزاری ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆکوه‌زیرانی تورکیاوه بڵاوی کردۆته‌وه که وڵاته‌که‌ی بڕیاری داوه نه‌وتی خاو له هه‌رێمی کوردستانه‌وه هاورده بکات و دوای ئه‌وه‌ی له پاڵاوگه‌کانی تورکیادا پێکهاته‌کانی جیاکرانه‌وه ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ی هه‌رێمی کوردستان پێویستی پێیه بۆیان ڕه‌وانه ده‌که‌ین.
ماڵپه‌ڕه‌که ڕایگه‌یاندووه که ئه‌ردۆگان ئه‌و قسانه‌ی ئه‌وکاته کردووه که به‌سه‌ردانێک له به‌رازیل بووه.
ماڵپه‌ڕه‌که ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه که هه‌رێمی کوردستان ڕێژه‌یه‌کی زۆری نه‌وتی هه‌یه به‌ڵام بۆ ژیانی رۆژانه پێویستیی زۆری به به‌نزین و مازوت و کایرۆسین هه‌یه.
هه‌واڵی ناردنی نه‌وتی خاو بۆ تورکیا به‌رپرسانی به‌غدای تووشی دڵه‌ڕاوکێ کردووه و وه‌ک کاردانه‌وه‌ش چه‌ند لێدوانێکی توندیان دا. به‌ڵام ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقیش له‌باره‌ی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ردوولا له‌بواری نه‌وت‌و غازدا نه‌گه‌نه ڕێكکه‌وتنێك، هه‌رێمی كوردستان نه‌وت و غازی سروشتی ڕه‌وانه‌ی توركیا ده‌کات.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه عه‌بدولسه‌لام به‌رواری ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان و چاودێری سیاسی به ماڵپه‌ڕی KDP راگه‌یاند كورد ده‌بێته یاریكه‌ریكی به‌هێز له‌ناوچه‌كه ئه‌وه‌ش به‌هۆی بوونی ڕێژه‌یه‌كی زۆری یه‌ده‌گی نه‌وت و گازی سروشتییه‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی :" ئه‌گه‌ر له ئاینده‌دا گازی سروشتی له كوردستانه‌وه بگوازرێته‌وه بۆ توركیا ئه‌و كاته كاریگه‌ری نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت چونكه ده‌بێته به‌دیلێك بۆ ئه‌و نه‌وت و گازه‌ی له ڕووسیار و ئێرانه‌وه ده‌چێت بۆ ئه‌وروپا".




