نومان قورتولموش: زمانی دایك وهکو شیری دایك پیرۆزە

ئەنقەرە- KDP.info / جێگری سەرۆكی گشتی پارتی داد و گەشەپێدان نومان قورتولموش لە وەڵامی رەخنەكانی پارت و لایەنە سیاسییەكانی توركیا لە ئازادكردنی پەروەردە بە زمانی زگماكی لە قوتابخانە ئەهلییەكاندا راگەیاند كە ئەو رەخنانە رەخنەی نابەجێن.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی تورك تایم بڵاویكردەوە كە جێگری سەرۆكی گشتی ئاكەپە نومان قورتولموش رایگەیاندووە، ئەو كەسانە كە رەخنە لە ئازادكردنی پەروەردە بە زمانی زگماكی لە قوتابخانە ئەهلییەكاندا دەگرن، دواكەوتوو و رەگەز پەرەستن و بیروڕایان بیروڕایەكی نا سەردەمیانەیە.
نومان قورتولموش هەروەها ئاشكرای كردووە كە ئەو سەردەمە بە سەرچووە كە كەس بتوانێت مافی كەسێكی دیكە پێشێل بكات و رووبەرووی ناڕەزایەتی نەبێتەوە و حكوومەتی ئاكەپە حكوومەتێك نییە، كە بتوانێت غەدر لە هیچ پێكهاتەیەكی كۆمەڵگە بكات.
قورتولموش جەختی لەوە كردووەتەوە كە زمانی زگماكی وەكو شیری دایك پیرۆزە، بۆیە دەبێت هەموو لایەك رێز لە بڕیاری ئازادی پەروەردە بە زمانی زگماك بگرن.




