ئەوەی رەخنە لە پۆلیس دهگرێت، با بچێتە چیا

دەرسیم-/ KDP.info سەرۆكی زانكۆی دەرسیم (توونجەلی) دكتۆر دورموش بۆزتوغ رەخنەی زۆر توندی ئاراستەی مامۆستایانی ئەو زانكۆیە كرد و گوتی: ئەوانەی كە رەخنە لە پۆلیسی توركیا دەگرن، لێرە جێگایان نابێتەوە با بچنە چیا.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی ئیلكەخەبەر بڵاویكردەوە كە سەرۆكی زانكۆی دەرسیم دكتۆر دورموش بۆزتوغ ناڕەزایەتی نیشانی دا بهرانبهر ئەو مامۆستایانە، كە بە هۆی بەكارهێنانی هێز لە دژی قوتابییەكان رەخنەیان لە پۆلیس گرتووە و گوتوویەتی: ئێوە مامۆستان و مافی ئەوەتان نییە رەخنە لە پۆلیسی توركیا بگرن. رەخنەگرتن لە پۆلیس مانا و واتەیەكی هەیە و ئەوانەی كە رەخنە لە پۆلیس دەگرن و لە پۆلیس و هەڵسوكەوتی پۆلیس ناڕازین، لەم وڵاتە جێگایان نابێتەوە و با بچنە چیا.
سەبارەت بە تەفتیش كردنی قوتابییە كچەكان لە لایەن پۆلیسی پیاوەوە سەرۆكی زانكۆی دەرسم گوتوویەتی: ئەگەر پۆلیسێكی پیاو قوتابییەكی كچی تەفتیش كردووە، خۆ ئاخر زەمان نییە و كەس بۆی نییە بە هۆی تەفتیشی قوتابییە كچەكانەوە رەخنە لە پۆلیسی توركیا بگرێت.




