گه‌نجانی هه‌رێمی كوردستان له كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیی (یه‌ك جیهانی گه‌نج)دا
دوێنێ 2/10/2013 له شاری جوهانسبێرگی پایته‌ختی ووڵاتی باشووری ئه‌فریقیا؛ شاندێكی گه‌وره‌ی گه‌نجانی هه‌رێمی كوردستان، به ئاماده‌بوونی چه‌ندین كه‌سایه‌تیی به‌ناوبانگی نێوده‌وڵه‌تی و به به‌شداریی شاندی 190 ووڵات، به‌شداری له ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیی (یه‌ك جیهانی گه‌نج)دا كرد.
له ڕێوره‌سمی كردنه‌وه‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌دا؛ هه‌ریه‌ك له كۆفی ئه‌نان سكرتێری گشتیی پێشووی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و محه‌مه‌د یوونس ئابووریناسی به‌ناوبانگی به‌نگلادیشی كه خه‌ڵاتی نۆبڵی وه‌رگرتووه، ووتاریان پێشكه‌ش كرد.پاشان نوێنه‌رانی شانده به‌شداربووه‌كانی ووڵاتانی جیهان یه‌ك به یه‌ك ئاڵای ووڵاته‌كانیان نمایش كرد و هونه‌رمه‌د خاتوو چۆپی فه‌تاح هه‌ڵگری ئاڵای كوردستان بوو.
شاندی هه‌رێمی كوردستانیش كه له 20 گه‌نجی كوردی خوار ته‌مه‌ن 30 ساڵ پێك هاتووه، به‌شداری له چه‌ندین سیمینار و كۆبونه‌وه ده‌كه‌ن كه له میانی ڕۆژانی كۆنفرانسه‌كه‌دا ئه‌نجام ده‌درێن. هه‌ر له میانی به‌شداریكردنی شاندی هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 3/10/2013، ئیدریس نێچیرڤان بارزانی؛ له‌به‌رده‌م به‌شداربووانی كۆنفرانسه‌كه‌دا ووته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد.
له ووته‌كه‌یدا وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی بۆ ڕه‌خسانی ده‌رفه‌تی به‌شداری له كۆنفرانسه‌كه‌دا، سوپاسی ڕێكخه‌رانی كۆنفرانسی (یه‌ك جیهانی گه‌نج) كرد بۆ سازدانی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه و تیشكی خسته سه‌ر بو‌اری په‌روه‌رده و فێركردنی منداڵان و ئاماژه‌ی به‌وه دا كه له ماوه‌ی 10 ساڵی ڕابردوودا كوردستان پێشكه‌وتنێكی به‌رچاوی به‌خۆوه بینیوه له بو‌اری ئاشتی و سه‌قامگیری و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووریدا و به‌تایبه‌تیش له بو‌اری په‌روه‌ورده‌دا هه‌ر له دروستكردنی قوتابخانه‌وه تا ده‌گاته په‌رتووك و پرۆگرامه‌كانی خوێندن.
هه‌روه‌ها به‌و پێیه‌ی كه شانده ئاماده‌بووه‌كانی كۆنفرانسه‌كه له‌و ووڵاتانه‌وه هاتوون كه پێشتر دووچاری جه‌نگ و ململانێ بوونه‌ته‌وه، وه‌ك ووڵاتانی با‌ڵكان و چه‌ند به‌شێكی ناوه‌ڕاست و ڕۆژئاوای ئه‌فریقیا و ناوچه‌كانی تری جیهان، بۆیه هیوای خواست ده‌رفه‌تی ئه‌م كۆنفرانسه بقۆزنه‌وه بۆ باسكردنی قۆناغی په‌ره‌پێدان له دوای جه‌نگ و ململانێكان، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به په‌روه‌رده و ده‌رفه‌ته‌كانی به‌رده‌م گه‌نجان.
ئیدریس نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها ڕوونی كرده‌وه كه هه‌زاران په‌نابه‌ری كورد ئێستا له هه‌نده‌رانه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه كوردستان و ئه‌و خێزانانه‌ش كه ده‌رفه‌تی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتیان بۆ نه‌ڕه‌خسا، ئێستا ده‌توانن ئاینده‌یه‌كی پرشنگدار بۆ منداڵه‌كانیان ببینن. ئه‌مه‌شی به كارێكی زۆر گرنگ له‌قه‌ڵه‌م دا؛ چونكه له ده‌رئه‌نجامدا په‌روه‌رده وه‌به‌رهێنانه بۆ داهاتوو. تیشكیشی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه كاتێك توندوتیژی و ململانێ و جه‌نگ زاڵ بن، ئه‌سته‌مه بۆ خێزانه‌كان پلانی داهاتوویان دابڕێژن.
هه‌روه‌ها باسی له ڕێكخراوه‌كه‌یان "ڕێكخراوی خێرخوازیی ڕوانگه" كرد كه جه‌خت ده‌كاته سه‌ر چه‌ند ده‌سپێشخه‌ریه‌كی سه‌ره‌تایی؛ به‌ڵام گرنگ له بو‌اری په‌روه‌رده‌دا و گوتی: "ئێستا ڕێكخراوه‌كه‌مان سه‌رقاڵه به دامه‌زراندنی شوێنی حه‌وانه‌وه بۆ منداڵانی مامۆستایان له چه‌ندین قوتابخانه‌ی بنه‌ڕه‌تیدا، چونكه زۆر جار مامۆستایان ناتوانن به گوێره‌ی پێویست بایه‌خ به قوتابیان بده‌ن به‌هۆی پێداویستیی منداڵه‌كانیانه‌وه.
هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد كه ڕێكخراوه‌كه‌یان وانه‌ی ژینگه‌پارێزی بۆ نزیكه‌ی 9000 قوتابی له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كانی خوێندن پێشكه‌ش ده‌كات؛ به‌مه‌به‌ستی هۆشیاركردنه‌وه و هاندانیان بۆ پاراستنی ژینگه و ئێستا ده‌ستیان كردووه به كۆرسێكی تواناسازی و ڕابه‌رایه‌تیی خانمان بۆ 300 كچی گه‌نج له قۆناغی ئاماده‌یی كه ئه‌مه‌ش لایه‌نێكی گرنگه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی ساڵانه پرۆگرامی له‌ئه‌ستۆگرتنی خوێندنیان هه‌یه بۆ قوتابیه به‌تواناكانی قۆناغی ئاماده‌یی؛ تا بتوانن له زانكۆكان خوێندنیان ته‌واو بكه‌ن. هه‌روه‌ها ئامانجی ڕێكخراوه‌كه‌یانی ڕوون كرده‌وه به‌وه‌ی كه ده‌یانه‌وێ ئه‌و له‌مپه‌رانه لابه‌رن كه ده‌بنه ڕێگر له به‌رده‌م به‌دیهێنانی خه‌ونی گه‌نجان.
باوه‌ڕی خۆیشی نیشان دا به‌وه‌ی كه داهاتوو پرشنگداره، هه‌رچه‌نده له به‌شێكی ناسه‌قامگیری جیهان ده‌ژین، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی گشتی ئارام و سه‌قامگیره و هه‌رێمی كوردستان هه‌رگیز ڕێگه نادات هێزه ڕووخێنه‌ره‌كان پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه چالاك و لێبورده‌كه‌ی بشێوێنن. بۆیه‌شه ئێستا له هه‌رێمی كوردستان جه‌خت ده‌كرێته سه‌ر په‌ره‌پێدانی پلانی مه‌ودادوور له بو‌اری په‌روه‌رده‌دا.
ئیدریس نێچیرڤان بارزانی له درێژه‌ی ووته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه له‌وبه‌ری سنوور، له سووریا بارودۆخ ئاڵۆزه و بۆ هاوكاریی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی ڕوویان كردۆته هه‌رێمی كوردستان، حكوومه‌تی هه‌رێم و هاووڵاتیانی كوردستان ئه‌وپه‌ڕی به‌خشنده‌یی و نیازپاكی ده‌نوێنن بۆ هاوكاریكردنی زیاتر له 250،000 په‌نابه‌ر. باسی له‌وه‌ش كرد كه له دیدی مناڵێكدا؛ كێشه‌ی سووریا له دوولاوه تراژیدیه. له لایه‌كه‌وه منداڵان به‌ده‌ست هه‌ڕه‌شه‌ی توندوتیژی و بارودۆخی خر‌اپی گوزه‌رانیانه‌وه ده‌ناڵێنن، له لایه‌كی تریشه‌وه دایكان و باوكانیان له‌به‌ر پاراستنی ژیانی خۆیان و منداڵه‌كانیان كه كاری سه‌ره‌كیی هه‌نووكه‌ییانه، ناتوانن به‌گوێره‌ی پێویست بایه‌خ به خوێندنی منداڵه‌كانیان بده‌ن.
هه‌روه‌ها به بیری هێنایه‌وه كه خه‌ڵكی كوردستانیش پێشتر ئه‌م نه‌هامه‌تیه‌یان بینیوه، بۆیه به لێشاو هاوكاریی په‌نابه‌ران ده‌كات و ڕێكخراوه‌كه‌یشیان كه یه‌كێكه له‌و چه‌ندین ڕێكخراوانه‌ی ده‌ستی یارمه‌تیان گه‌یشتۆته كامپه‌كانی په‌نابه‌ران، له مانگی داهاتوودا باخچه‌یه‌كی ساوایان بۆ ئه‌و منداڵانه دابین ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها گوتی "كامپی په‌نابه‌ران باشترین شوێن نیه بۆ خوێندن، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه گه‌رانتی بكه‌ین كه داهاتووی په‌نابه‌ره گه‌نجه‌كان نه‌كرێته قوربانیی ئه‌و توندوتیژیه‌ی به‌سه‌ریان هاتووه".
دوایین جار باسی له‌وه كرد كه له كوردستان به‌هۆی مێژووه تراژیدیه‌كه‌یه‌وه؛ تێگه‌یشتن له به‌های به‌رزی په‌روه‌رده هه‌یه و له كاتێكدا پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی په‌روه‌رده‌یی له قۆناغی جه‌نگ و پاش جه‌نگیش كارێكی قورسه، به‌ڵام له دڵ و ده‌رووندا ئه‌وه باش ده‌زانن كه ئه‌مه كارێكی پڕبایه‌خه. داكۆكیشی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌وه له‌یاد بێت دایك و باوك و باپیرانی كورد ئازایانه تێكۆشاون له پێناو به‌دیهێنانی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی ئه‌مڕۆ ڕه‌خساوه و گوتی: "ئێمه له‌م ڕێگه‌یه به ته‌نها هه‌نگاو نانێین، به‌ڵكو خه‌ون و ئاواتی نه‌وه‌كانی پێش خۆمان هه‌میشه له‌گه‌ڵماندایه".
شایه‌نی باسه ئه‌مه یه‌كه‌م جاره شاندێكی گه‌نجانی كوردستان به‌شداری له‌م كۆنفرانسه نێوده‌وڵه‌تیه‌دا ده‌كه‌ن. شانده‌كه له لایه‌ن ژماره‌یه‌ك ڕێكخراوی خێرخوازی و كۆمپانیاوه كه له كوردستان كار ده‌كه‌ن؛ سپۆنسۆر كراوه.
ئه‌مه‌ش ده‌قی ووته‌كه‌یه‌تی:
میوانه به‌ڕێزه‌كان...
شانده به‌شداربووه‌كان.
شه‌ره‌فمه‌ندم كه ئه‌مڕۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌م بۆ ڕه‌خساوه له‌به‌رده‌م ئێوه‌ی به‌ڕێزدا ئه‌م ووتاره پێشكه‌ش بكه‌م، هه‌روه‌ها سوپاسی ڕێكخه‌رانی كۆنفرانسی (یه‌ك جیهانی گه‌نج) ده‌كه‌م بۆ سازدانی ئه‌م كۆبونه‌وه گرنگه. حه‌ز ده‌كه‌م له ووتاره‌كه‌مدا تیشك بخه‌مه سه‌ر بو‌اری په‌روه‌رده و فێركردنی منداڵان، به‌تایبه‌تی له‌و حاڵه‌تانه‌ی كه ململانێكان ده‌بنه ڕێگر له به‌رده‌م خوێندن.
هه‌روه‌ك به‌ڕێزتان ئاگادارن هه‌رێمی كوردستانی عیراق دووچاری چه‌ندین تاوانی دڕندانه بۆته‌وه له لایه‌ن رژێمی له‌ناوچووی سه‌دام حسین، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه له ماوه‌ی 10 ساڵی ڕابردوودا كوردستان پێشكه‌وتنێكی به‌رچاوی به‌خۆوه بینیوه، به‌تایبه‌تی له بو‌اری ئاشتی و سه‌قامگیری و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووریدا. ده‌بوایه دووباره هه‌موو شتێك دروست بكه‌ینه‌وه كه ئه‌مه‌ش بواره‌كانی په‌روه‌ورده ده‌گرێته خۆی، هه‌ر له دروستكردنی قوتابخانه‌وه تا ده‌گاته په‌رتووك و پرۆگرامه‌كانی خوێندن.
ده‌زانم كه چه‌ندین شاندی ئاماده‌بوو له‌م كۆنفرانسه؛ له‌و ووڵاتانه‌وه هاتوون كه پێشتر دووچاری جه‌نگ و ململانێ بوونه‌ته‌وه، بۆ نموونه ووڵاتانی با‌ڵكان و چه‌ند به‌شێكی ناوه‌ڕاست و ڕۆژئاوای ئه‌فریقیا و ناوچه‌كانی تری جیهان. بۆیه هیوادارم ده‌رفه‌تی ئه‌م كۆنفرانسه بقۆزینه‌وه بۆ باسكردنی قۆناغی په‌ره‌پێدان له دوای جه‌نگ و ململانێكان، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به په‌روه‌رده و ده‌رفه‌ته‌كانی به‌رده‌م گه‌نجان.
هه‌زاران په‌نابه‌ری كورد ئێستا له هه‌نده‌رانه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه كوردستان، ئه‌و خێزانانه‌ش كه ده‌رفه‌تی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتیان بۆ نه‌ڕه‌خسا، ئێستا ده‌توانن ئاینده‌یه‌كی پرشنگدار بۆ منداڵه‌كانیان ببینن. ئه‌مه‌ش زۆر گرنگه؛ چونكه له ده‌رئه‌نجامدا په‌روه‌رده وه‌به‌رهێنانه بۆ داهاتوو. كاتێك توندوتیژی و ململانێ و جه‌نگ به‌سه‌رماندا زاڵن، ئه‌سته‌مه بۆ خێزانه‌كان پلانی داهاتوویان دابڕێژن.
ئاماده‌بووانی به‌رێز،
شانازی ده‌كه‌م كه ڕێكخراوه‌كه‌مان، ڕێكخراوی خێرخوازیی ڕوانگه، جه‌خت ده‌كاته سه‌ر چه‌ند ده‌سپێشخه‌ریه‌كی سه‌ره‌تایی؛ به‌ڵام گرنگ له بو‌اری په‌روه‌رده‌دا. ئێستا ڕێكخراوه‌كه‌مان سه‌رقاڵه به دامه‌زراندنی شوێنی حه‌وانه‌وه بۆ منداڵانی مامۆستایان له چه‌ندین قوتابخانه‌ی بنه‌ڕه‌تیدا، چونكه زۆر جار مامۆستایان ناتوانن به گوێره‌ی پێویست بایه‌خ به قوتابیان بده‌ن به‌هۆی پێداویستیی منداڵه‌كانیان. هه‌روه‌ها ڕێكخراوه‌كه‌مان وانه‌ی ژینگه‌پارێزی بۆ نزیكه‌ی 9000 قوتابی له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كانی خوێندن پێشكه‌ش ده‌كات؛ به‌مه‌به‌ستی هۆشیاركردن و هاندانیان بۆ پاراستنی ژینگه. ئێمه ده‌ستمانكردووه به كۆرسێكی تواناسازی و ڕابه‌رایه‌تیی خانمان بۆ 300 كچی گه‌نج له قۆناغی ئاماده‌یی كه ئه‌مه‌ش لایه‌نێكی گرنگه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست. ساڵانه‌ش پرۆگرامی له ئه‌ستۆگرتنی خوێندنمان هه‌یه بۆ قوتابیه به‌تواناكانی قۆناغی ئاماده‌یی؛ تا بتوانن له زانكۆكان خوێندنیان ته‌واو بكه‌ن.
ئامانجی ئێمه لابردنی ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ن كه ده‌بنه ڕێگر له به‌رده‌م به‌دیهێنانی خه‌ونی گه‌نجه‌كان. ئه‌و به‌شداربووانه‌ی كه له‌و ناوچانه‌وه هاتوون كه جه‌نگ و ململانێ‌یان به خۆوه بینیوه، وه‌كوكوردستان، ده‌زانن كه په‌روه‌رده "كلیلی زێرینه" و گرنگیه‌كی تایبه‌تیشی هه‌یه بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی كه نه‌هامه‌تیان بینیوه.
شانده به‌رێزه‌كان،
باوه‌ڕم وایه كه داهاتووی ئێمه پرشنگداره، هه‌رچه‌نده ئێمه له به‌شێكی ناسه‌قامگیری جیهان ده‌ژین، هه‌رێمه‌كه‌مان به شێوه‌یه‌كی گشتی ئارام و سه‌قامگیره. هه‌رگیز ڕێگه ناده‌ین هێزه ڕووخێنه‌ره‌كان پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه چالاك و لێبورده‌كه‌مان بشێوێنن. ئێستا ئێمه جه‌خت ده‌كه‌ینه سه‌ر په‌ره‌پێدانی پلانی مه‌ودادوور له بو‌اری په‌روه‌رده، ئه‌مه‌ش باشترین گه‌واهییه بۆ ئه‌م ڕاستیه.
له‌وبه‌ری سنوور، له سووریا بارودۆخ ئاڵۆزه. سه‌ربه‌رزم كه حكوومه‌تی هه‌رێم و هاووڵاتیانی كوردستان ئه‌وپه‌ڕی به‌خشنده‌یی و نیازپاكی ده‌نوێنن بۆ هاوكاریكردنی زیاتر له 250،000 په‌نابه‌ر كه له سووریاوه هاتوون. له دیدی مناڵێكدا؛ كێشه‌ی سووریا له دوولاوه تراژیدیه. له لایه‌كه‌وه منداڵان به‌ده‌ست هه‌ڕه‌شه‌ی توندوتیژی و بارودۆخی خر‌اپی گوزه‌رانیانه‌وه ده‌ناڵێنن، له لایه‌كی تریشه‌وه دایكان و باوكانیان له‌به‌ر پاراستنی ژیانی خۆیان و منداڵه‌كانیان كه كاری سه‌ره‌كیی هه‌نووكه‌ییانه، ناتوانن به‌گوێره‌ی پێویست بایه‌خ به خوێندنی منداڵه‌كانیان بده‌ن. خه‌ڵكی كوردستانیش پێشتر ئه‌م نه‌هامه‌تیه‌یان بینیوه، بۆیه به لێشاو هاوكاریی په‌نابه‌رانیان كرد.
ڕێكخراوه‌كه‌مان یه‌كێكه له‌و چه‌ندین ڕێكخراوانه‌ی كه ده‌ستی یارمه‌تیان گه‌یشتۆته كامپه‌كانی په‌نابه‌ران. له مانگی داهاتووشدا باخچه‌یه‌كی ساوایان بۆ ئه‌و منداڵانه دابین ده‌كه‌ین. كامپی په‌نابه‌ران باشترین شوێن نیه بۆ خوێندن، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه گه‌رانتی بكه‌ین كه داهاتووی په‌نابه‌ره گه‌نجه‌كان نه‌كرێته قوربانیی ئه‌و توندوتیژیه‌ی به‌سه‌ریان هاتووه.
شانده به‌رێزه‌كان،
ئێمه له كوردستاندا به‌هۆی مێژووی تراژیدیی خۆمانه‌وه؛ له به‌های به‌رزی په‌روه‌رده تێده‌گه‌ین. له كاتێكدا كه پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی په‌روه‌رده‌یی له قۆناغی جه‌نگ و پاش جه‌نگیش كارێكی قورسه، به‌ڵام له دڵ و ده‌روونی خۆماندا ئه‌وه باش ده‌زانین كه ئه‌مه كارێكی پڕبایه‌خه. ده‌بێ ئێمه‌ی كورد ئه‌وه‌مان له‌یاد بێت كه دایك و باوك و باپیرانمان ئازایانه تێكۆشاون له پێناو به‌دیهێنانی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی كه ئه‌مڕۆ بۆ ئێمه ڕه‌خساوه. ئێمه له‌م ڕێگه‌یه به ته‌نها هه‌نگاو نانێین، به‌ڵكو خه‌ون و ئاواتی نه‌وه‌كانی پێش خۆمان هه‌میشه له‌گه‌ڵماندایه.
ئه‌مه‌ش به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی گرنگ و پڕبایه‌خه بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی كه قۆناغی ململانێ تێده‌په‌رێنن. وه‌به‌رهێنان له په‌روه‌رده‌دا گرنگیه‌كه كه ده‌بێت له پێناویدا تێ‌بكۆشین. ئه‌مه خه‌باتێكه له پێناو گه‌شه‌سه‌ندنی هزر و ئازادیی ده‌روون، هه‌روه‌ها مافێكی سه‌ره‌تایی مرۆڤه كه ده‌بێ بپارێزرێت و به‌رده‌وام بایه‌خی پێبدرێت.
زۆر سوپاس.




