شاندی حكومەتی هەرێم لە چوارچێوەی شاندی عێراقیدا لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان لە نیویۆرك كۆبووەوە

لەماوەی نێوان 23 - 29 / 9/ 2013 و لە پەراوێزی بەشداریان لە چالاكیەكانی كۆبوونەوەكانی خولی 68ەمین كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت لە چوارچێوەی شاندی عێراق دا بە سەرۆكایەتی وشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق، چەندین دیدارو كۆبوونەوەیان لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان ئەنجامدا.
لەو دیدارو كۆبوونەوانەدا رەوشی عێراق و هەرێمی كوردستان بابەتی سەرەكی دیدارو كۆبوونەوەكان بوون. دوایین هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و سەركەوتنی ئەو پرۆسە دیموكراسیە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەگشتی و لەكاتی خۆیدا لایەنێكی دیكەی باسەكان و جێگەی بایەخی هەمووان بوو. هاوكات رەوشی سووریا و دۆخی ئاوارەكانی ئەو وڵاتەو كاریگەریان لەسەر وڵاتانی دراوسێ، لایەنێكی گرینگی دیدارەكان بوو. هەروەها لەخۆ گرتنی رێژەیەكی زۆری ئەو ئاوارانە لەلایەن عێراق و هەرێمی كوردستانەوە مایەی دەستخۆشی و خۆشحاڵی هەمووان بوو.
لە یەكێك لە كۆبوونەوەكانیاندا، شاندی ناوبراو لەگەڵ بان كی مۆنی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا تیشكیان خستسەر پەیوەندی نێوان عیراق و نەتەوە یەكگرتووەكان لەڕووی ئەو كار و چالاكیەكانی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق ئەنجامی دەدەن. لایەنی عیراقی سوپاسگوزاری خۆی پێشكەشی نەتەوە یەكگرتووەكان و نێردەكەیان بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان كرد لەبری ئەو چالاكیانەی كە ئەنجامی دەدەن. هاوكات بان كی مۆن سوپاسگوزاری خۆی پێشكەشی حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان كرد بۆ كردنەوەی دەرگا بەڕووی ئاوارەكانی سوریا و لەخۆگرتنی سەدان هەزار هاوڵاتی ئەو وڵاتە و ئەو هاوكارییە مرۆییانەی پێشكەشیان دەكرێت. هەردوولا لەبارەی كۆنگرەی جنێف 2 و ئەو هەوڵانەی كە بۆ گرێدانی ئەو كۆنگرەیە دەدرێن گفتوگۆیان كرد.
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ستایشی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عیراق و پەرلەمانی كوردستانی كرد كە بە شێوەیەكی دیموكراتیانە بەڕێوەچوون، هاوكات جەختیش لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە وادەی خۆیدا كرایەوە. هاوكات ستایشی ئەو هەوڵانەشی كرد كە بۆ ئاشتەوایی گشتی لە نێوان لایەنە سیاسیەكانی عێراق دراون.
لەلایەكی دیكەوە شاندەكە لە لەگەڵ هێلین كلارك بەڕێوەبەری UNDP كۆبوونەوە، كە تێیدا تیشك خرایە سەر پرسی سوریا و كاریگەریەكانی بەسەر وڵاتانی ناوچەكە. هاوكات باسی لە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی داماڵینی چەكی كیمیایی سوریا كرا. لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەدا كە لە ئێستادا نزیكەی 227 هەزار ئاوارەی سوری لە عیراق و هەرێمی كوردستاندا بە شێوەیەكی فەرمی تۆمار كراون، بەڵام رێژەكە لەوە زیاترە و پێویستیان بە هاوكاری زیاترو فراوانتر هەیە بەجۆرێك كە لە ئاست گەورەیی و قەبارەی بارودۆخەكەدابێت.
لە درێژەی دیدارەكاندا شاندی ئاماژەبۆكراو لەگەڵ كاترین ئاشتۆن كۆمیسیاری باڵای سیاسەت و ئاسایشی یەكێتی ئەورووپا كۆبوونەوە. لەو كۆبوونەوەیەدا تیشك خرایە سەر پەیوەندی نێوان عیراق و یەكێتی ئەورووپا لە ژێر رۆشنایی رێككەوتننامەی هاوبەشی و هاوكاری نێوان هەردوولا. هەر لەم دیدارەدا باس لە بارودۆخی عێراق بەگشتی و پەیوەندی عیراق و هەرێمی كوردستان بە یەكێتی ئەورووپا و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندیانە كرا. هاوكات بارودۆخی سوریا و كاریگەری ئەو بارودۆخە بەسەر ناوچەكە بەگشتی و عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لایەنێكی دیكی باسەكان بوون و پێویستی پێشكەشكردنی كۆمەك و یارمەتی بۆ ئەو ئاوارانە كە ژمارەیان رۆژانە لەزیادبووندایە بە پێویست زانرا.
لە بەردەوامی دیدارەكاندا شاندی عێراقی لەگەڵ ئەخزەر ئیبراهیمی نوێنەری هاوبەشی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی بۆ پرسی سوریا كۆبوونەوە، كە تیایدا دۆخی ئەو وڵاتە و پەرەسەندنەكان گفتوگۆیان لەبارەوە كراو ئاماژە بەو هەنگاوانەكران كە بۆ داماڵینی چەكی كیمیایی سوریا دەنرێن و جەخت لە چارەسەری سیاسی لەو وڵاتەدا كرایەوە. هاوكات كۆنگرەی جنێف 2 وەك دەروازەیك بۆ ئەو پرسە سەیركرا.
هەروەها لە دیداری شاندەكە لەگەڵ ئەكمەلودین ئیحسان ئۆغڵو ئەمینداری گشتی كۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامی باس لەپەرەسەندنە سیاسیەكانی ناوچەكە و ئەو گرفتانە كرا كە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و جەخت لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری بە پەلە بۆ هەموو ئەو ئاریشانە كرا كە كاریگەری سلبیان بەسەر ناوچەكدا هەیە. وەزیری دەرەوەی عیراق ستایشی رۆڵی رێكخراوی وڵاتانی ئیسلامی كرد بۆ رۆڵی لە نزیككردنەوەی ئایین و ئایینزاكانی عیراق و چارەسەری كێشەكان لەناوچەكە بەگشتی






