نێچیرڤان بارزانی سوپاسی دەنگدەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات

نێچیرڤان بارزانی؛ جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان؛ دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی سوپاسكردنی ئاراستەی هەموو جەماوەر و دەنگدەرانی پارتی كرد.
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هاوسەرەكەی نەبیلە مەسعوود بارزانی، یەكەم كەس بوون لە ڕۆژی دەنگداندا لە 21/9/2013 دەنگیان دا، هەروەها ڕۆڵێكی گرنگی گێڕا لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتیدا وەك جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان.
ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:
پەیامی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان؛ بەبۆنەی ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانهوه.
نێچیرڤان بارزانی: جەماوەری دڵسۆزی پارتی سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد
ڕاگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە، سەركەوتنێكی دیكەی گەورەی پارتی دیموكراتی كوردستانی بە فەرمی دیاری كرد و چەسپاند.
بەبۆنەی ئەو سەركەوتنە گەورەیەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە هەموو ئەندام و لایەنگران و جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین. ئەوە سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ هەموو تاكێك لە جەماوەری پارتی و مافی خۆیەتی شانازییەكی گەورەی پێوە بكات.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا كرابووە ئامانجی هێرشێكی زۆر توندی ناحەزانە بۆ چەواشەكردنی مێژووە پڕشنگدارە پڕ له خەبات و شۆڕش و بەرخۆدانەكەی، بەڵام ئەم سەركەوتنە جارێكی دیكە سەلماندییەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك گەورەترین هێزی كوردستان، هیچ هێرشێك كاری تێناكات، چونكە خاوەن جەماوەرێكی دڵسۆز و بە بیروباوەڕە.
پارتی دیموكراتی كوردستان، خاوەن زۆر دەستكەوتی شۆڕشگێڕی و دیموكراسیانەیە، ئێستاش زیاتر لە جاران گەرموگوڕترە لەسەر خەبات و خاوەن بەرنامەیەكی زۆر ڕوونە بۆ پێشخستنی كوردستان.
ئێمە جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو خەڵكی خۆشەویستی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە لەمڕۆوە كارێكی جددیتر، بە بەرنامەیەكی تازەوە دەستپێدەكەین بۆ پێشخستنی كوردستان و بەرزكردنەوەی ئاستی ژیانی خەڵكی كوردستان و بەرەوپێشبردنی هەموو كەرتە خزمەتگوزارییەكان، بە هەمان شێوەش پارتی شێلگیرانە خەباتی خۆی درێژە پێدەدات لەپێناو مافە نیشتمانی و نەتەوەییەكاندا. بۆیەش دڵنیاین لەوەی كە بە كاری زیاتر لە چوار ساڵی داهاتوودا، ئەنجامەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەروا بەرەو سەرەوە هەڵدەكشێن و پارتی خۆی و كوردستانیش دەخاتە نوێبوونەوەیەكی زۆرترەوە.
بەبۆنەی سەركەوتنی لیستی 110ەوە، پیرۆزبایی لە هەموو ئەو هەڤاڵانە دەكەم كە بۆ ئەم خولەی پەرلەمان دەرچوونە، لەو باوەڕەداین كە بە پڕۆژە و بوونی چالاكیان لە پەرلەماندا؛ جێگەی ڕەزامەندیی جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان دەبن.
ئەو سەركەوتنەمان پیرۆزبێت لە سەرۆك و سەركردایەتی و هەموو جەماوەر و دۆست و لایهنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان. پێكهوه بهرهو كوردستانێكی گهشتر.
نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
2/10/2013




