عێراق .. لە سەرەتای ئەمساڵ، زیاتر لە 4000 هەزار عێراقی كوژراون

بهغدا- تایبهت به KDP.info/ هاووڵاتیانی عێراق لە دابینكردنی ئەمن و ئاسایش بێ ئومێد بوونە، ماوەی چەند مانگێكە تەقینەوە و توندوتیژی لە عێراقدا زیادی كردووە و رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانیش دەڵێت لە مانگی رابردوودا زیاتر لە هەشت سەد كەس لە عێراق بە هۆی كاری تیرۆریستیەوە كوژراون و زۆربەشیان لە شاری بەغدای پایتەخت بوون. تیرۆریستان خەڵكی دەكەنە ئامانج و تەقینەوەكانیان لە ناو خەڵكیدا ئەنجام دەدەن و دەیانەوێت زۆرترین كەسی ببێتە قوربانی پیلانەكانیان.لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە چوارهەزار كەس لە دانیشتووانی عێراق بە هۆی تەقینەوە و توندوتیژیەوە گیانیان لە دەست داوە. هەفتانەش دەیان كەس دەبنە قوربانی، بەڵام حكوومەت تەنانەت توانای لێكۆڵینەوەی لە كردەوە تیرۆریستیەكانیشی نەماوە. هەر سەبارەت بە ئەنجامدانی تەقینەوەكان و بەرزبوونەوەی رێژەی قوربانیان،گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەعد مەعەن ڕایگەیاند شەڕی سوپای عێراق لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدەیە، بەڵام بەرپرسانی دیكەی حكوومەت دەڵێن بەعسییەكان و وڵاتانی ناوچەكەش رۆڵی سەرەكی لە شێواندنی ڕەوشی ئاسایشی عێراقدا دەگێڕن. هاوكات هاووڵاتیانی سڤیلی عێراق لەو رێژەی بەرزەی تەقینەوەكان، نیگەرانن و دووچاری بێ ئومێدی بوونەتەوە و خاكی وڵات جێدەهێڵن.




