سەرۆكی ژووری بازرگانی دیاربەكر دەڵێ خاڵی گرنگی پاكێجی دیموكراسی گۆڕانكاری سیستەمی هەڵبژاردنە

دیاربەكر-KDP.info/سەرۆكی ژووری بارزگانی دیاربەكر ( ئەحمەد سایار) رایگەیاند: پاكێجی دیموكراسی وەڵامدەرەوەی داواكارییەكانی دانیشتوانی ناوچە كوردییەكان نەبوو تەنیا خاڵی گرنگی ئەو پاكێجە گۆڕانی سیستەمی هەڵبژاردنی توركیا بوو.
ئەحمەد سایارلە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵگوتی: گفتوگۆ كردن لە سەر سیستەمی هەڵبژاردن، كەم كردنەوەی رێژەی دەنگەكان بۆ سوودمەند بوونی پارتە سیاسییەكان لە خەزینەی دەوڵەت، هەڵوەشاندنەوەی سوێندی قوتابخانەكان و گەڕاندنەوەی ناوی ئەو شوێنانە كە ناوەكانیان گۆڕاون خاڵی گرنگن بەڵام لە ئاست داواكارییەكانی دانیشتوانی ناوچە كوردییەكاندا نین.
سایار راگەیاند: نەبوونی هیچ جۆرە خاڵیك سەبارەت بە قۆناخی چارەسەری و ئازاد كردنی گیراوانی دۆزی كەجەكە نیشانەی ناتەواو بوونی ئەو پاكێجەیە و گوتی: نەبوونی هیچ جۆرە خاڵێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاسەوانی گوند و پشتگیری كردن لە پرۆسەی گەڕانەوە بۆ گوند دەبنە هۆكاری كەمبوونەوەی ئاستی پشتگیری خەڵك بۆ قۆناخی چارەسەری. دەبوایا پەروەردە بە زمانی زگماكی لە قوتابخانە حكومییەكاندا سەربەست كرابا نە لە قوتابخانە ئەهلییەكاندا.




