ھەفتەی داھاتوو بودجەی گشتی عێراق رەوانەی پەرلەمان دەکرێت

بەغدا-تایبەت بەKDP.info/ ئەندامێکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، چاوەروان دەکرێت لەچەند رۆژی داھاتوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق پەسەند بکات و ھەفتەی داھاتووش رەوانەی پەرلەمانی بکات.
نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەkdp.infoراگەیاند: بودجە گەیشتۆتە ئەنجوومەنی وەزیران و ئێستاش گفتوگۆ لە نێوان ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی دەکرێت لەسەر بودجە و رەنگە ئەمڕۆش ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی خۆیدا گفتوگۆی لەبارەوە بکات، بەڵام زەحمەتە بتوانی پەسەندی بکات.
نەجیبە نەجیب گوتیشی: وەزیری کاروباری نێوان حکوومەت و پەرلەمان دوێنێ ئاماژەی بەوەکرد کە رەنگە تا ھەفتەی داھاتوو ئەنجوومەنی وەزیران بودجە پەسەند بکات و رەوانەی پەرلەمانی بکات.
نەجیب راشیگەیاند: بودجەی ئەم ساڵی عێراق برەکەی 174ترلیۆن دینارە ئەم ژمارەیەش قابیلی گۆرانکارییە، چونکە تاوەکو ئێستا ئەم ژمارە پەسەند نەکراوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشکرد، پشکی ھەرێمی کوردستانیش لەو بودجەیە زیاتر لە 18ترلیۆن دینارە، کە ئەمەش بەھەمان شێوەی عێراق قابیلی گۆڕانکارییە.




