ئەشواق جاف: رێنكەوتننامەی عێراق – ئێران بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانیان لەپەرلەمانی عێراق لۆبی پێویستە

بەغداد ـتایبه ت به KDP.info/ جگە لەپەسەند كردن یا خوێندنەوەی دووەم بۆ چەند یاسا و رێكەوتننامەیەك، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق وەرزەی یاسادانانی تا 14ی تشرینی دووەم درێژكردەوە و ئەگەر تا ئەم پێنج شەممەیە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی داهاتووی پەسەند نەكرد ئەوا پشووی خۆی وەرناگرێ تا یاساكە پەسەند دەكات.
ئەندامی هاوپەیمانی كوردستانی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف بە ( kdp.info)ی راگەیاند: رۆژی 30ی ئەیلولی 2013 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی كرد بۆ پرۆژە یاسای رێكەوتننامەی عێراق - ئێران سەبارەت بەئاڵوگۆڕی زیندانیانی نێوان هەردوو وڵات، لەوەرزی پێشووی یاساداناندا پەسەند نەكرا لەپەرلەمانی عێراق بەو هۆیەی لەخوێندنەوەی یەكەمدا دەنگدانی بۆ ئەنجامدرا بەهۆی ناكۆكی لەسەر خاڵەكانی و دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا و ئەم پرۆژەیە پێویستی بەلۆبییەك هەیە لەناو ئەنجوومەنی نوێنەراندا تا پشتیوانییەكی زۆری بۆ كۆبكرێتەوە.
پتر گوتی، گەڕاندنەوەی دووەمجاری بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر داوای زیندانیانی گرتووخانەی سەلام بووە لەپارێزگای سلێمانی لەرێی لیژنەی مافی مرۆڤەوە كەداوایان كردبوو ئەم پرۆژەیە جارێكی دیكە خوێندنەوەی بۆ بكرێ.
ئاماژەی بەوەش كرد، لەخشتەی كاری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا یاسای پارتە سیاسیەكانی تێیدا بوو كە بارستە و سەرۆكی بارستەكان هاودەنگ بوون لەسەری، بەڵام لەژمارەیەك لەپەرلەمانتاران رەخنەیان گرت بەو هۆیەی ئەو نوسخەیەی پێویست بوو بخرێتە دەنگدانەوە نەیانبینیبوو، بۆیە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق دەنگدانی لەسەر ئەو پرۆژە یاسایەی خستە كۆبوونەوەی دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە.
ئەوەشی گوت، بەو هۆیەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆساڵی 2014 رێكەوتنی لەسەر نەكراوە و چەند خاڵێكی نادادپەروەرانەی تێدایە ئەویش دواخرا بۆرۆژی چوارشەممە، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا كەئەگەر تا رۆژی پێنج شەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی یاساكەوە نەگەیشتە بڕیاری پەسەندكردن ئەوا پەرلەمانی عێراق پشووی فەڕمی خۆی وەرناگرێ هەتا ئەو پرۆژە یاسایە پەسەند دەكات.
لەرۆژی 14تشرینی یەكەمی 2013 ئەم وەرزەی یاسادانان تەواو دەبێ ئەشواق جاف گوتی، ئەنجوومەنی نوێنەران كاتەكەی درێژكردەوە بۆ 14ی تشرینی دووەمی 2013، لەحاڵەتێكدا ئەگەر بودجەی 2014ی عێراق هاتە ناو پەرلەمان ئەوا پەرلەمان پشووی یاسادانان وەرناگرێ تابودجەی 2014 عێراق پەسەند نەكات.
زیاتر گوتی، هەر لەخشتەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا هاتبوو كە پێویستە بڕیارێك دەربكرێ تا كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق پەبەند بكاتب بۆ ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە مانگی نیسانی 2014 ئەنجام بدرێ، بەڵام بەو هۆیەی ئەو كارە پەیوەندی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە هەیە ئەویش دواخرا بۆ كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە.
باسی لەوەش كرد لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا رێككەوتننامەی هاوكاری ئابووری عێراق و ئۆكرانیا پەسەند كرا.
لەدرێژەی لێدوانەكەیدا گوتی، لەكۆبوونەوەكەدا پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاسای دەرماڵەی قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی لەپۆلی یەك تا شەش كرد بەبڕی 30 هەزار دیناری عێراقی پێشنیارێك هەبوو لەساڵی 2013ەوە بۆیان سەرف بكرێ و بۆچوونێكیش هەبوو كاتێك ئەو دەرماڵە بدرێ كەپرۆژە یاساكە پەسەند بكرێ و لەرۆژنامە بڵاو دەكرێتەوە، ئەگەر خوێندكارێك 25 رۆژ نەهاتنی هەبوو ئەوا ئەو دەرماڵە ببدرێ لەو قوتابییە.
"خوێندنەوەی دووەمكرا بۆ چوونەناو رێكەوتننامەی گواستنەوەی نێوان دەوڵەتانی عەرەبی، هەروەك خوێندنەوەی دووەم كرا بۆ لابردنی باج لەسەر كۆمپانیا بیانی و عێراقییەكان بۆ بەڵێندەرایەتی، خوێندنەوەی دووەم كرا بۆ پەیوەندی كردنی عێراق كرا بۆ رێكەوتننامەی (قرتاجنا للسلامە)" ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وای گوت.




