فراکسیۆنی کوردستان داوای سه‌رفکردنی بودجه‌ی پێشمه‌رگه و كۆمپانیا نه‌وتیه‌كانی له حکوومه‌تی عێراق کرد

به‌غدا –KDP.info/ فراكسیۆنی كوردستانی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، داوا له‌حكوومه‌ت ده‌كات بودجه‌ی پێشمه‌رگه و كۆمپانیا نه‌وتیه‌كانی كوردستان به پشت به‌ستن به ده‌ستووری عێراق سه‌رف بكات.له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا که ئه‌مرۆ سازی کرد، فراكسیۆنی كوردستانی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگه‌یاند : له‌م مینبه‌ره داوا له‌حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین، پابه‌ندی ده‌ستوور بێت و بودجه‌ی پێشمه‌رگه و كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان بۆ ساڵی 2014 سه‌رف بكات، چوونكه له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق پرۆژه یاسایی بودجه ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و بۆیه پێویسته حكوومه‌ت بودجه‌ی پێشمه‌رگه و كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان سه‌رف بكات.فڕاكسیۆنی كوردستانی له کۆنگره‌که‌دا، داواکه‌ی به مافیكی ده‌ستووری ناوده‌بات و داواشی كردووه كه وه‌كو ساڵانی دیكه هێزی پێمشه‌رگه له بودجه و پێداویستیه‌كانی بێ به‌ش نه‌بێت، چوونكه مافی خۆیانه وه‌كو سه‌ربازانی حكوومه‌تی عێراق پێداویستیان بۆ دابین بكرێت به‌پێی ده‌ستوور پێشمه‌رگه به‌شێکه له‌و هێزه سه‌ربازییه‌ی که به‌رگری له خاکی ده‌کات. هاوکات له كۆنگره‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌شكرا كه پێویسته سه‌رجه‌م كێشه‌كان سه‌باره‌ت به كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و حكوومه‌تی عێراقیش بودجه‌ی كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان بدات بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێویه‌كی رێك وپێك كار بكرێت‌و ئه‌و کێشه‌یه‌ش به هه‌ڵپسێردراوی نه‌مینێته‌وه.




