حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌و پاكێچه دیموكراسییه ده‌کات که ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند

هه‌ولێر – /KDP.info ئێواره‌ی دووشه‌ممه 30ی ئه‌یلوول لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌فین دزه‌یی گووته‌بێژی فه‌رمیی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رایگه‌یاند: حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌و پاكێچه‌ی دیموكراسی ده‌كات كه له لایه‌ن به‌ڕێز ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیاوه راگه‌یه‌نرا. سه‌فین دزه‌یی هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه : که پێمان وایه ئه‌م پاكێچه هه‌نگاوێكی باشه به‌ره‌و دیموكراتیزه‌كردنی زیاتر و چه‌سپاندنی زیاتری بنه‌ما و پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسی له توركیا كه هه‌موو تاكێكی ئه‌و وڵاته لێی سوومه‌ند بێت. هیوادارین سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ هه‌ڵنانی هه‌نگاوی گه‌وره‌تر به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو پرس و كێشه‌كانی توركیا و پرسی كورد له‌و وڵاته له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتی و دیالۆگدا، هه‌روه‌ها ببێته رێگه خۆشكه‌رێك بۆ به‌ره‌و پێشبردنی پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا. هه‌نگاوێكی ئه‌رێنییه و پێویسته پشتگیری لێبكرێت. شایه‌نی باسه ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا کۆمه‌لێک بریاری هه‌ڵوه‌شانده‌وه، که له‌سه‌رده‌می که‌مال مسته‌فا ئه‌تاتورک دامه‌زرێنه‌ری کۆماری ئێسته‌ی تورکیا له ساڵانی 1928 کاری پێده‌کرا، له نێوانیاندا سروودی نیشتمانی تورکیا له قوتابخانه‌کاندا بوو، له‌و سنووره‌دا قوتانیانی کورد ده‌با سرووده‌که بڵێنه‌وه که له به‌شێکدا ده‌ڵیت من تورکم .




