ئوزتورك تورك دۆغان: پاكێجی دیموكراتیوونی توركیا هیچ جۆرە گۆڕانكارییەكی گرنگی تێدا نەبوو

ئەستەنبۆڵ- KDP.info/ بەرپرسی رێكخراوی مافی مرۆڤی توركیا ئوزتورك تورك دۆغان سەبارەت بە پاكێجی دیموكراتیبوونی توركیا رایگەیاند كە ئەو پاكێجە هیچ جۆرە خزمەتێكی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد ناكات و بە هیچ شێوەیەك باسی لە قۆناغی چارەسەری و چۆنیەتی سەرخستنی ئەو قۆناغە نەكردووە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی بیئانێت بڵاویكردەوە كە ئوزتورك تورك دۆغان ئاماژەی بەوە كردووە كە لە پاكێجەكەدا بەربەستی سەدا 10ی هەڵبژاردنەكان هەڵوەشێندراوەتەوە كەچی چەندین بەربەستی نوێی دیكە دانراون و ئەمەیش هیچ مانای گۆڕانكاری و نوێ بوونەوە نادات.
تورك دۆغان باسی ئەوەی كردووە كە بڕیار بوو بە هۆی ئەم پاكێجەوە چەندین مادەی سەرەكەی یاسای سزای توركیا بگۆڕن، بەڵام لە نێو پاكێجەكەدا بە هیچ شێوەیەك باس لە گۆڕانی ئەو مادانەی یاسای سزای توركیا نەكراوە و ئەو خاڵانەی كە لە نێو پاكێجەكەدا ئاماژەیان پێكراوە لەمێژە لە بواری جێبەجێ كردن دان.




