شوێنی حەوانەوە بۆ مامۆستای گوندەکان دابین دەکرێت

ھەولێر- تایبەت بەkdp.info/ بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئاشکرایکرد، وەزیری پەروەردە بەڵێنی داوە شوێنی حەوانە بۆ مامۆستایانی گوندەکان دابین بکات و لە قەزای زاخۆش ئەگەر پەروەردەی ئەو قەزایە ئامادەیی تەواوی ھەبێت، پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی بۆ دەکەنەوە.
ئەحمەد گەرمیانی بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە kdp.infoراگەیاند: شاندێکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان سەردانی وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان کرد و چەند داواکارییەکیان خستە بەردەم وەزیری پەروەردە، کە تایبەت بوون بە بواری خوێندن.
ئەحمەد گەرمیانی گوتیشی: گرنگرترین ئەو داواکاریانەی ئێمە خستمانە بەردەم وەزیری پەروەردە دابینکردنی شوێنی حەوانەوە بۆ مامۆستای گوندەکانه، کە ئێسته ئەو کێشەیان ھەیە و وەزیری پەروەردە بەڵێنی دا کابینەی کاتی بۆ حەوانەوەی مامۆستایهکان لە ھەموو گوندەکان دابین دەکەن، تا وەکو قوتابخانە تازەکان دروست دهکەن و لە گەڵ ھەر قوتابخانەیەک شوێنی حەوانەوەش بۆ مامۆستایان دروست دەکرێت.
گەرمیانی رونیشیکردهوە، خاڵێکی دیکە کە زۆر گرنگە، کردنەوەی پەیمانگای ھونەرە جوانەکانه لە قەزای زاخۆ، وەزیری پەروەردە گوتی ئەگەر پەروەردەی زاخۆ ئامادەیی تەواوی ھەبێت، ئامادەیە پەیمانگایان بۆ بکاتەوە و لە ھەر شوێنێکی دیکەش ئامادەیی ھەبێت بۆیان دەکرێتەوە نەک تەنیا لە زاخۆ.
ناوبراو راشیگەیاند: ئێمە وەکو یەکێتی مامۆستایان خۆشحاڵین کە وەزیری پەروەردە ئامادەیی نیشانداوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، چونکە ئەمە داواکاری مامۆستایان وخزمەتکردنە بە بواری پەروەردە و بەردەوامیش دەبین لە بەدواداچوونی کێشەکانی مامۆستایان و گەیاندنی داواکارییەکانیان بە لایەنی پەیوەندیدار و ھەمیشە داکۆکی کاری مافی مامۆستایانی کوردستان دەبین.
ئەمەش لەکاتێک دایە زۆر لەو مامۆستایانهی لە گوندەکان وانە دەڵێنەوە کێشەی نەبوونی شوێنی حەوانەوەیان ھەیە، چونکە ھەندێک لە مامۆستایەکان توانای ھاتوچۆی رۆژانەی گوندەکانیان نییه.




