پرسی باڵاپۆشی لەپەرلەمانی تورکیا هاتەوە بەر باس

ئەنقەرە - KDP.info/ لەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بەشداریی کردنی دوو پەرلەمانتار بە لەچک و حیجابەوە جارێکی دیکە لە تورکیا مشتومڕ دەستی پێکردەوە. هەر دوو پەرلەمانتاری ئاکەپە (گولای سامانجی) و (سەڤدە بایازت کاچار) رەتیانکردەوە بە تەمابن رۆژی سێشەممە 1ی تشرینی یەکەم بە لەچک و حیجابەوە بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان بکەن.
لە وەڵامی پرسیاری ئاژانسی ئانادۆڵ سەبارەت بە ئاخۆ بەنیازن رۆژی سێشەممە 1ی ئۆکتۆبەر بەباڵاپۆشی بچنە پەرلەمان؟ سامانجی گوتی : لەمبارەیەوە هیچ پەیامێکم نییە، ئەگەر لەو لایەنەوە بڕیارێکیش بدەم ئەوا بەبژاردەی خۆم دەبێ، ئەگەر کەسێ بڕیاری باڵاپۆشی بدات، دەبێت بە بڕیاری خۆی بێ لەو بڕوایەدام دوای ئەوەی بڕیاری باڵاپۆشی دا، هاوڕێکانی رێز لەو بڕیارەی بگرن. پێویستە ئیرادەی وەرگرتنی ئەو بڕیارە بۆ خودی کەسەکە بەجێبهێڵرێت. ئەگەر بڕیاری ئەوە بدەم ئەوا بەشێوەیەکی سیمبولی جێبەجێی ناکەم. لە سەر رەزامەندیی و فەرمانی خوا و بڕوای ئایینی خۆم ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکەم. من ئێستا چۆنم، لە 1ی ئۆکتۆبەریش بەهەمان شێوە دەبم. باڵاپۆشی شتێکی نائاسایی نییە. ملیۆنان کچ و ژن بەباڵاپۆشی دەسوڕێنەوە. دەکرێت لە پەرلەمانیش بەهەمان شێوە بێت، ئەمە شتێکی ئاساییە و دەبێ رێی پێبدرێت.
هەر لەبارەی ئەو پرسەوە پەرلەمانتار کاچار گوتی : ئەگەر خوا بیکا بە نسیب، باڵاپۆشی شتێکە هەموو ئافرەتێک پێویستە ئەنجامی بدات، بەڵام من ئێسته وا هەست دەکەم هێشتا ئامادە نیم. لەوانەیە لەبەر ئەوەی منیان خۆش دەوێت، شتێکی وایان باسکردووە بەمەش خۆشحاڵم. ئەگەر خوا بیکات بەنسیبم، دەکرێت بڕیاری باڵاپۆشی بدەم.
کاچار گوتیشی : چۆن چومەتە ناو پەرلەمان، ئێستهش بەهەمان شێوە بەردەوام دەبم. رابردوو نموونەی پەرلەمانتار مەرڤە کاڤاکچی هەیە. ئۆپۆزسیۆن رایگەیاندووە کە رێگری ناکات لە هاتنی پەرلەمانتارە پاڵاپۆشەکان بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان. پشتگیریی لەو دەستە خوشکانەم دەکەم کە بیانەوێت ببن بەباڵاپۆش و بەمەش زۆر خۆشحاڵ دەبم. فراکسیۆنەکەمان لە پەرلەمان هیچ کاتێک پێمان ناڵێت بببن بە باڵاپۆش یان بەپێچەوانەوە، بەڵام ئێمە چۆن چووینەتە پەرلەمان بەهەمان شێوە بەردەوام دەبین.




