یەكێتیی زانایان تەقینەوەكەی هەولێر ئیدانه دهکات

بە ناوی خوای گەورەو میهرەبان
نێوەڕۆی رۆژی یەكشەمە (29/9/2013) چەند كەسێكی تیرۆریستی خۆكوژ، دوور لە هەموو بەها مرۆڤایەتی و ئایینی و هەموو بنەما ئەخلاقییەكان و دوور لە هەرچی ویژدانە، هەڵستان بە خۆتەقاندنەوە و ئەنجامدانی چەند تەقینەوەیەك لە بەردەم ئاسایشی هەولێر، كە بە داخەوە چەند شەهید و بریندارێكی لێكەوتەوە.
ئێمە لە یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە توندی ئیدانەی ئەم كارە نامرۆڤانە و دوور لە ئایینە دەكەین و، تەئكید دەكەینەوە، ئەم كارە بە هەموو شێوەیەك دژی بنەما پیرۆزەكانی ئیسلام و هەست و مافی مرۆڤانەیە و، شۆردنەوەی مێشك و بەلاڕێدابردنی كەسانێكی دۆڕاوە لە ژیان، كە هیچ لە مانای ئایین و مرۆڤبوون نازانن، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەركی هەموو لایەكە بە تایبەتی لایەنە سیاسی و راگەیاندن و مامۆستایانی ئایینی و رۆشنبیران، بەوپەڕی بوێرییەوە تیشك بخەنە سەر ئەم مەسەلەیە،
بۆ ئەوەی هیچ تاكێكی دیكە نەبێتە قوربانیی ئەم تێگەییشتنە ناتەندروست و سەقەت و دۆڕاوە و ئەمن و ئاسایشی وڵاتمان پارێزراو بێت، هەروەك پێویستە ململانێی لایەنە سیاسییەكانیش لە چوارچێوەی عورف و كوردبوونەوە دەرنەچێت، چونكە هەر هەڵسوكەوتێكی ناتەندروست هەستی وڵاتپارێزی و نیشتیمانپەروەری لەلای تاكی كورد لاواز دەكات، لە هەمان كاتیشدا ئەركێكی گرنگی هەموو لایەكمانە پشتیوانیی تەواوی ئاسایش بكەین و، دژی هەر هەوڵێك بوەستینەوە كە بیانەوێت كەسایەتیی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس ناشیرین بكەن.
دووبارە داوا لە هەموو هاووڵاتیان و هەموو لایەك دەكەین ئەوپەڕی جددی بن لە پارێزگاریكردن لە ئەمن و ئاسایشی وڵات و، ئەگەر خوانەخواستە ئەمن و ئاسایشمان كەوتە مەترسییەوە، هیچ مانایەك بۆ ژیان و خۆشییەكانی نامێنێت.
لە خوای گەورە داواكارین شەهیدەكان بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بكات و، شیفای بەپەلەی بریندارەكانیش بدات و، وڵاتمان هەر ئارام و بەرەو ئاییندەیەكی باشتر بچێت.
یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان




