٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گوتەبێژی‌ حكوومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان سەفین دزەیی: ئەنجامدەرانی‌ تەقینەوەكەی هەولێر زوو ئاشكرا دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

گوتەبێژی‌ فەرمیی‌ حكوومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان سەفین دزەیی، هەڵوێستی‌ حكوومەتی‌ هەرێمی‌ لەسەر تەقینەوەكانی‌ دوێنێی‌ شاری‌ هەولێر خستە ڕوو و، رایگەیاند كە ئاسایش كارەكانیان چڕتر دەكەنەوە و بەدواداچوونی‌ جددی‌ بۆ تەقینەوەكان دەكەن.

گوتەبێژی‌ فەرمیی‌ حكوومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان سەفین دزەیی، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی‌ رووداو گوتی‌ "تەقینەوەكانی‌‌ شاری‌ هەولێر كارێكی‌ تیرۆریستییە و وەك حكوومەتی‌ هەرێم ئیدانەی‌ دەكەین".

سەفین دزەیی ئاماژەی‌ بەوە دا كە حكوومەتی‌ هەرێم بەدواداچوونی‌ جددی‌ بۆ تەقینەوەكان دەكات و، گوتیشی‌ "ئەنجامدەرانی‌ ئەو كارە تیرۆریستییە زوو ئاشكرا دەكرێن".

گوتەبێژی‌ فەرمیی‌ حكوومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان، هەروەها ئاشكراشی كرد كە هێزەكانی‌ ئاسایش كارەكانیان چڕتر دەكەنەوە و ڕایگەیاند "هێزەكانی‌ ئاسایش لە كاتێكی‌ زۆر كەمدا توانییان بارودۆخەكە كۆنتڕۆڵ‌ بكەن و بە زوویی بریندارەكان گەیەنرانە نەخۆشخانە بۆ چارەسەركردن".

سەفین دزەیی هەروەها سەرەخۆشی‌ لە كەسوكاری‌ قوربانییەكان كرد و هیوای‌ زوو چاكبوونەوەشی‌ بۆ بریندارەكان خواست.

ئەم وتانەی‌ گوتەبێژی‌ فەرمیی‌ حكوومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لە میانەی‌ بەسەركردنەوەی‌ بریندارەكانی‌ تەقینەوەكانی‌ دوێنێی شاری‌ هەولێر هات لە نەخۆشخانە.

دوێنێ چەند تەقینەوەیەك شاری‌ هەولێری‌ پایتەختی‌ هەرێمی‌ كوردستانیان هەژاند و بە هۆیەوە شەش كەس شەهید بوون و 62ـی‌ تریش بریندار بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار