ئەردۆغان: دەمانەوێت توركیایەكی نوێ دابمەزرێنین

دەنیزلی- KDP.info/ سەرۆكوەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانەی سەردانی خۆی بۆ ناوچەی دەنیزلی لە گەڵ دانیشتوانی ئەو ناوچەیەدا كۆبوویەوە و باسی چەند پرسێكی گرنگی توركیای كرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردەوە كە سەرۆكوەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی هەوڵدانەكانی ئامادەكردنی پاكێجی دیموكراتیزاسیۆنی توركیای كردووە و رایگەیاندووە: رۆژی دووشەممە رۆژێكی مێژوویی دەبێت بۆ توركیا.
ئەردۆغان ئاماژەی کردووه كە كاتژمێر 11 رۆژی دووشەممە ناوەڕۆكی پاكێجی دیموكراتیبوونی توركیا ئاشكرا دەكات و ئامانجی ئەم پاكێجە زەمینە خۆشكردنی دامەزراندنی توركیایەكی نوێیە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها گوتوویەتی: ئێمە دەمانەوێت توركیایەكی نوێ دابمەزرێنین و بۆ ئەم مەبەستە دەستمان بە گۆڕینی دەستوری بنەڕەتی توركیا و سیستەمی سیاسی توركیا كردووە، چونكە پێمان وایە توركیا ئەگەر نەگۆڕدرێت گەورە و بەهێز نابێت.




