قەدەغە كردنی كتێبی كوردی لە ئێران

سنە- KDP.info/ حکوومهتی ئێران لە رێگای ناردنی نامەیەك بۆ دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەكان قەدەغە كردنی كتێبی كوردی راگەیاندووە. لە چوارچێوەی گوشارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا، زانرا كە ئەمجارە بەرپرسانی حکوومهتی ئێران چاپ و بڵاو كردنەوەی هەر جۆرە كتێبێكی كوردییان قەدەغە كردووە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی هاوارنێت بڵاویكردەوە كە سەرەتای ئەم هەفتەیە بەرپرسانی ئیدارەی ئەرشادی كۆماری ئیسلامی ئێران نامەیەكیان ئاراستەی دەزگا و چاپخانەكانی ناوچە كوردنشینەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كردووە و لەو نامەیەدا راگەیندراوە كە دەزگا و چاپخانە كوردییەكان بۆیان نییە بەشداری لە پێشەنگاكانی ئێران بكەن.
لە بەشێكی دیكەی ئەو نامەیەدا هاتووە كە نابێت هیچ دەزگا و چاپخانەیەك دەست بە چاپ و بڵاو كردنەوەی هیچ جۆرە بەرهەمێكی كوردی بكات.




