ئەگەری هەیە بۆ یەکەم جار لە مێژووی کۆماری ئیسلامییدا، کوردێک ببێتە پارێزگاری ورمێ

ورمێ – KDP.info / بە گوێرەی هەندێک سەرچاوەی هەواڵ، ئەگەری ئەوەی لە ئارادایە کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی کۆماری ئیسلامییدا، کوردێک بە ناوی فەرەیدون هیممەتی ببێتە پارێزگاری ورمێ، لەبەرامبەریشدا کردەوەی توندی چالاکانی تورکی لەو شارە لێکەوتۆتەوە. کاناڵی ئاسمانی گوناز و وێبسایتی تەبریز سەسی و هەندێک سەرچاوەی دیکە لە کۆماری ئیسلامی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بەیاننامەی چالاکانی تورک ئاماژەیان بە ناڕەزایەتی تورکەکانی ئەم شارە داوە لە ئەگەری درانی پۆستی پارێزگاریی بە کوردێک،لەمباریەوە کاناڵی گوناز تیڤی، فەرەیدوون هیممەتی بە "کوردێکی لایەنگری گرووپە تیرۆریستییەکان لەقەڵەم داوە. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، تورکەکانی ورمێ، تیکاب و شارەکانی تری ئەو پارێزگایە، بە ناردنی کورتەنامە بۆ یەکتر، هەڵبژێرانی کوردێک بۆ پۆستی پارێزگاریی ورمێ یان وەک هەنگاوێک بەرەو بە کوردکردنی ئازەربایجانی رۆژئاوایان لەقەڵەم داوە و هۆشداریان داوە کە لە بەرانبەر ئەو کارەدا بەهیچ شێوە ،بێدەنگ نابن. شایەنەی باسە: فەریدون هیممەتی لەدایکبووی شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ئێستا خوێندکاری دکتۆرای بەڕێوەبەری بازرگانی لە زانکۆی بێهێشتی تارانە. ناوبراو نوێنەری خولی حەفتەمی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیی ئێران بوو و نزیک بیست ساڵیش بەڕێوەبەری ناوەندی دەنگ و ڕەنگی ئیلام، لۆرستان، ورمێ و مهاباد بووە.




