پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی یۆبیلی زێڕینی ئێزگەی دەنگی کوردستان

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
بەڕێزان بهڕێوهبهر و ستافی نووسین و كارمهندانی ڕادیۆی دهنگی كوردستان
سڵاوێكی گەرم
بەبۆنەی یادی پەنجاساڵە و یۆبیلی زێڕینی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستانەوە، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی یەكەیەكەی ئێوەی خۆشەویست دەكەم .
ڕادیۆی دهنگی كوردستان لە کاتێکدا دامەزرا کە دوژمنان بەهەموو شێوەیەک هەوڵی کپکردنی دەنگی ئازادیخوازانەی گەلەکەمانیان دەدا. ڕادیۆی کوردستان لەوکاتەدا بوو بە بڵندگۆی ههقبێژی داوا ڕهواكانی خهڵكی كوردستان و عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە و ببووه جێگهی متمانە و شانازیی ههمووان و لە هەموو قۆناخەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا ئەو ڕۆڵە شەرەفمەندانەیەی بینیوە.
ئێستایش لە قۆناخی نوێی خەباتدا، ڕادیۆی کوردستان یەکێکە لە متمانەپێکراوترین ناوەندە میدیاییەکانی کوردستان و سەرباری خەباتی سیاسی، بۆتە پردێک بۆ گەیاندنی دواکاریی هاووڵاتیان و بەدواداچوون و چاودێریی کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
هیوادارم هەر بەوشێوەیە لە پێشکەوتن و خزمەتکردنی گەل و وڵات بەردەوام بن.
سڵاو لە شەهیدانی دەنگی كوردستان و ئەو خەباتکارانەی نەیانهێشت دەنگی شۆڕش کپ بکرێت.
لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیم بۆ هەموو لایەكتان.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
28/9/2013





