لوتفی باكسی: دەبێت داوای لێبوردن لە گەلی كورد بكرێت

دیاربەكر- KDP.info/ سەرۆكی پارتی دیموكراتی بەشدار دەڵێت بە هۆی سیاسەتی 85 ساڵەی رابردوو بەرانبەر كورد، دەبێت دەوڵەت داوای لێبوردن لە گەلی كورد بكات.
سەرۆكی پارتی دیموكراتی بەشدار لە توركیا لوتفی باكسی رایگەیاند كە بۆ سەرخستنی پرۆسەی دیموكراتیزەبوونی توركیا و قۆناغی چارەسەری پرسی كورد ئامادەن هەر جۆرە هاوكارییەك پێشكەش بكەن.
لەمبارەیەوە ئاژانسی ئانادۆڵی توركی بڵاویكردەوە كە سەرۆكی پارتی دیموكراتی بەشدار لوتفی باكسی لە میانەی كۆبوونەوەیەكی خۆی لە شاری دیاربەكر رایگەیاندووە كە پرسی هەرە گرنگی توركیا پرسی كوردە و دەستوری میلیتاریستی توركیا سەرچاوەی ئەو پرسەیە.
لوتفی باكسی ئاماژەی بەوە كردووە كە بۆ چارەسەری پرسی كورد و وەلاوە نانی دەستوری میلیتاریستی و ئامادەكردنی دەستورێكی سەردەمییانە ئەم دۆزە مەرجی سەرەكەیە و تا دەستوری میلیتاریستی نەگۆڕدرێت پرسی كورد چارەسەر ناكرێت.
باكسی لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە لە ماوەی 85 ساڵی رابردوودا، زڵم و زۆرێكی لە رادەبدەر لە كورد كراوە. بۆیە پێویستە دەوڵەتی توركیا داوای لێبوردن لە گەلی كورد بكات.




