٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەلپارتی: هێرش و رەشبگیری و ئەشكەنجەدانی ئەندامەكانیان لەلایەن PYDەوە بەردەوامە

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای کوردستان –  KDP.info‌/  پارتی دیموكراتی كورد لە سوریا (ئەلپارتی ) لە بانگەوازێكدا داوا لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكات لە كوردستان و لە جیهاندا، كە هێرش و رەشبگیری هێزە چەكدارەكانی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD،لە بەرانبەر ئەندامەكانیان ئیدانە بكەن و گوشاربكەن بۆ وەستاندنی.

 رێكخراوی عەفرینی ئەلپارتی، لە بانگەوازێكدا بۆ رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، دەڵێت: هێرش و رەشبگیری و ئەشكەنجەدانی ئەندامەكانیان لەلایەن PYDەوە بەردەوامە. بەپێی هەمان بانگەواز لە ئەنجامی ئەشكەنجەدانی سەختی ئەندامەكانیان لە لایەن هێزەكانی ئاسایشی PYD، دوو ئەندامیان بە ناوەكانی سیامەند ئیبراهیم و جێگر حەمۆ، لاڵ بوون. ئەلپارتی داوا لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە كوردستان و جیهان دەكات، كە بگەنە فریای ئەندامەكانیان و گوشاربكەن بۆ وەستاندنی ئەو ئەشكەنجە و رەشبگیرییەی زیاتر لە ساڵێكە لە لایەن هێزەكانی PYDلە دژی ئەندامەكانیان ئەنجام دەدرێت لە ناوچەكانی عەفرین. لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 100 ئەندامی ئەلپارتی و پارتی ئازادی و رێكخراوە مەدەنییەكان لە لایەن ئاسایشی PYDدەستگیركراون. PYDدوو ئەندامی ئەلپارتی بە ئەنجامدانی تەقینەوە لە عفرین تۆمەتبار كردووە، بەڵام ئەلپارتی دەڵێت ئەو قسانەی ئەو دوو ئەندامەیان لە ئەنجامی ئەشكەنجەدا بە زۆر وەرگیراون و هەموو قسەیەكیش لەژێر ئەشكەنجەدا بكرێت باوەڕپێكراو نییە، هەروەك ئەلپارتی دەڵێت: رۆژئاوای كوردستان ئێستە بە دۆخێكی نالەباردا تێدەپەڕێت، بەهۆی خراپی باری ئابووری و نەبوونی خزمەتگوزارییەكان.

 هەروەها لە ئەنجامی بوونی ناكۆكی لەنێوان PYDو ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی لە سوریا، كە ئەنجوومەنی نیشتمانی دەڵێت:  PYDبەشێوەیەكی عەسكەری و دیكتاتۆرییانە دەستی بەسەر دەسەڵات و ئیدارەی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستاندا گرتووە و هەماهەنگی لە گەڵ رژێمی سوریا هەیە، PYDیش دەڵێت ئەوان دەسەڵاتێكی میللیان دروستكردووە و بەرگری لە رۆژئاوای كوردستان دەكەن.

 

هەواڵی پەیوەندیدار