٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
دەزگاکانی پارتی

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، یۆبیلی زێڕینی ئێزگەی "دەنگی كوردستان" پیرۆز دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەموو ساڵێ لە 28ی ئەیلوولدا یادی دامەزراندنی ئێزگەی "دەنگی كوردستان" دەكەینەوە. رۆژگاری رابردوو، سەردەمی دامەزراندن و ساتە سەختەكانی بەردەوامی و ئەمڕۆی گەشاوەی ئەو دەنگە دلێرە، بەرزو بەڕێز رادەگرین و سەری نەوازش بۆ شەهیدانی ئەو ئێزگەیە و ماندووبوونی كادیران و نووسەران و پێشكەشكاران و تەكنیككارانی دادەنەوێنین و پەنجا جار هێندەی پەنجا ساڵی تەمەنی دەنگی كوردستان دووپاتی دەكەینەوە كە لە رۆژگارێكدا، گەلی كوردستان رووبەڕووی هێرشی زاڵمانەی رژێمی ئەو كاتەی عێراق و پیلانی دوژمنانی بۆتەوە و پێشمەرگە قارەمانەكانی ئەیلوول و شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازانی عێراق لە عەرەب و توركمان و كلدان و سریانی و ئاشووری گورزی كەمەرشكێنیان لە شۆفێنییەت دەوەشاند، بەڵام گەمارۆی ئیعلامی سەر شۆڕش وەهای كردبوو كە ئازایەتی و نەبەردییەكانی پێشمەرگە و دەنگی رەوای كوردستانیان و ئازادیخوازانی عێراق نەگاتە گەلی كوردستان و عێراق و ناوەندە جیاجیاكانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و لەوەیش زیاتر ئیعلامی دوژمنكارانە بەردەوام ئیشی لەسەر چەواشەكاری و هەڵبەستنی درۆ و ناشرینكردنی رووی راستەقینەی شۆڕش و مافە رەواكانی گەلەكەمان دەكرد، بڕیاری رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان، رابەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول (مستەفا بارزانی نەمر)، بۆ دامەزراندنی ئەم ئێزگەیە، بڕیارێكی حەكیمانە و بوێرانە بووە. ئێزگەی دەنگی كوردستان لەو كاتەدا بووە دەنگی رەوایەتی و نەبەردی گەل و شۆڕش. بە دەنگ، چرایەكی داگیرساند و شەوەزەنگی شۆفینزمی رەواندەوە و بەرپێی پێشمەرگە و ئازادیخوازانی رۆشن كردەوە و، بووە تاكە سەرچاوەی متمانەپێكراو لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.

بڕیاری رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان، رابەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول (مستەفا بارزانی نەمر)، بۆ دامەزراندنی ئەم ئێزگەیە، بڕیارێكی حەكیمانە و بوێرانە بووە

ئێزگەی دەنگی كوردستان ئێزگەی بەردەوامی شۆڕش و بەرخودانی گەلەكەمان بووە، لە شۆڕشی ئەیلوولی مەزنەوە بۆ شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز و بۆ بەرەنگاربوونەوە و پووچەڵكردنەوەی نیازی شۆفێنیانەی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و كیمیاباران، تا راپەڕینی ئاداری 1991 و لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا، لە سەردەمی بونیاتنانی كوردستانی دیموكراسی و گەشاوە و ئازاددا، كاروانێكی دەوڵەمەند و خەباتێكی ئیعلامیی لەیادنەكراوی هەموو ئەو هەڤاڵە تێكۆشەرانەیە كە بە خوێن و ئارەقە و ماندووبوون و شەونخوونییان، لاپەڕە گەشەكانی مێژووی راگەیاندنی كوردییان تۆمار كردووە و بۆ هەتا هەتایە جێی شانازی و تێڕامان و لێكۆڵینەوەی زانستیتییە.

ئەمڕۆ كە یادی یۆبیلی زێڕینی ئەم ئیزگە زێدە ئازیزەیە، پەنجا چەپكە گوڵی سەركەوتنی پێشكەش دەكەین و بە پەنجا ئەستێرەی جوان ئاسمانی پەنجا ساڵەی دەدرەوشێنینەوە و بە پەنجا مۆمی داگیرساو یاد و یادەوەرییەكانی پیرۆز دەكەین و دەستی ماندووبوونی بەڕێوەبەر و ستافی نووسین و پێشكەشكاران و تەكنیككاران و یەكە بە یەكەی كارمەندانی دەگوشین.

لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا، لە سەردەمی بونیاتنانی كوردستانی دیموكراسی و گەشاوە و ئازاددا، كاروانێكی دەوڵەمەند و خەباتێكی ئیعلامیی لەیادنەكراوی هەموو ئەو هەڤاڵە تێكۆشەرانەیە كە بە خوێن و ئارەقە و ماندووبوون و شەونخوونییان، لاپەڕە گەشەكانی مێژووی راگەیاندنی كوردییان تۆمار كردووە

هەڵبەتە یادی یۆبیلی زێڕینی ئێزگەی "دەنگی كوردستان" ئاهەنگ و بیرهێنانەوە و گردبوونەوەیەكی یەكجار گەورەی شایستەیە، بەڵام بە داخەوە لە هەلومەرجی ئەم ماوەیەدا كە هەموو لایەك لە چاوەڕوانی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن و سەرقاڵی كاروبارەكانی دوای هەڵبژاردنن، بۆ دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن نەلوا كە لە كات و رۆژی خۆیدا، لە 28 ی ئەیلوولدا ئەو یادە بكاتەوە. بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا و لە هەلومەرجێكی شیاودا بە شێوەیەكی یەكجار شایستە بە گەورەیی ئەم بۆنەیە، ئاهەنگێك بۆ یادكرنەوەی ساز دەكات.

بەرزوبەڕێز بێ یادی یۆبیلی زێڕینی دەنگی كوردستان

 

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی

پارتی دیموكراتی كوردستان

 

هەواڵی پەیوەندیدار