ڕوونكردنەوەیەك لە دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە دوو هەواڵی هەڵبەستراو لە سایتی شارپرێس

ڕۆژی چوارشەممە 25/9 و رۆژی پێنج شەممە 26/9 سایتی شارپرێس دوو هەواڵی بڵاوكردۆتەوە گوایە سەرچاوەی هەر یەكەیان ئۆرگانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانن، بەڵام لە هیچیاندا ناوی ئەو سەرچاوانە نەهێنراون.
هەواڵی یەكەم لەسەرزاری ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی كە گوایە نەیویستووە ناوی بهێنرێت، لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی هەرێمەوەیە.
بەپێویستی دەزانین بۆ هەموولایەكی ڕوون بكەینەوە كە ئەندامانی سەركردایەتی پارتی لەو جۆرە كەسانە نین لە لێدوانەكاندا ناوی خۆیان بشارنەوە. هەروەها لای هەمووانیش ئاشكرایە كە پارتی سەرچاوەی بێ ناوی نییە و ئەگەر هەڵوێستێكی فەرمی هەبێت لەلایەن وتەبێژی مەكتەبی سیاسییەوە ڕادەگەیەندرێت.
ئەوەی پەیوەندییشی بە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی هەرێمەوە هەبێت هەموومان پابەندی فەرمانی سەرۆك بارزانی دەبین و تا ئەنجامە فەرمییەكان لەلایەن كۆمسیۆنەوە ڕانەگەیەندرێت و ئەم پرسە لەلایەن مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتییەوە تاوتۆ نەكرێت و بڕیاری لە بارەوە وەرنەگیرێ، هیچ هەڵوێستێك لەوبارەیەوە ڕاناگەیەنرێت.
هەواڵی دووەمیش لەسەر زاری سەرچاوەیەكە لە مەكتەبی راگەیاندنی پارتییەوەیە كە ئەویش نەیویستووە ناوی بهێنرێ. هەواڵەكەیش لەبارەی خاتوونێكە لە خاتوونە بەڕێزەكانی كاندیدكراو لە لیستی 110ی پارتی.
وێڕای ئەوەی سەرلەبەری ئەو هەواڵە بە ئامار و پێشبینییەكانی ناوییەوە دوورن لە راستییەوە، هەروەها ئۆرگانێك لە پارتیدا نییە ناوی (مەكتەبی راگەیاندن) بێ و هیچ سەرچاوەیەكی شارەوەیشی نییە تا بێ ناو زانیاری بدات بە سایتێكی دروستكراوی وەكوو شار پرێس.
بۆ جاری چەندەمین دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە میدیاكان پابەندی ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی بن و چیدی بەناوی سەرچاوەی بێ ناو هەواڵی هەڵبەستراوی چەواشەكارانە بڵاو نەكەنەوە و كارێك نەكەن كە ببێتە هۆی دڵەڕاوكێی هاووڵاتیان.
دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
26/9/2013

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
