٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی رۆشنبیری هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورە جیهاد دڵپاک رادەگەیەنێت

سەرچاوە: KDP.info

هاوڵاتیانی کوردستان
هونەرمەند و رۆشنبیر و هونەردۆستان
هێشتا تەنیا چەند رۆژێک بە سەر لە دەستچوونی هونەرمەندی ناسراو و دێرینی گەلەکەمان کاکە حەمەی نێرگز دا تێپەڕیبوو، بەداخ و کەسەرەوە ئێوارەی ئەمڕۆ هەواڵێکی دیکەی دڵتەزێنمان پێگەیشت کە ئەویش هەواڵی لەدەستدان و کۆچی ناوادەی هونەرمەندی شانۆکار و سینەماسازی گەورەی کورد جیهاد دڵپاکە، کە هەردوکیان دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی ماَڵاواییان لە هونەر و دونیای داهێنان کرد.
کۆچی دوایی ئەو دوو هونەرمەندە نەمر و بەهرەدار و خۆشەویستەی گەل بۆشاییەکی گەورەی لە کایەی هونەری و کولتوری کوردیدا دروست کرد کە بە ئاسانی پڕنابێتەوە.
ئێمە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو بۆنە دڵتەزێنەوە هاوخەمی بۆ تەواوی هونەرمەندان و هونەردۆستان و رۆشنبیرانی گەلەکەمان دەردەبڕین و هاوبەشی خەم و کەسەری خانەوادە و کەسوکار ودۆستانیانین .
لە ئاست بەخشش و هونەر و بەرهەمە بەرز و نەمرەکانی ئەواندا سەری رێز دادەنەوێنین... هیواخوازین ژیان و بەرهەم و یادی ئەوان و تێکڕای هونەرمەند و ئەدیب و رۆشنبیرە کۆچکردووەکانمان هەمیشە هەوێن و هاندەری بەهرەمەندان و نەوەکانی نوێ بێت..
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی ئەو مەزنە مرۆڤانەی لەم وەرزی ماتەمەدا لە دەستمان چوون.. ماموستای گەورە فەلەکەدبن کاکەیی و شاعیری گەورەی گەلەکەمان شیرکۆ بێکەس و هونەرمەندانی نەمر و هەردەم لە یاد کاکە حەمەی نێرگز و کاکە جیهاد دڵپاک ... رۆحیان شاد بێت و رێگایان هەر پڕ رێبوار بێت

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان
25- 9- 2

هەواڵی پەیوەندیدار