كۆشكی سپی رەتیكردەوە باراك ئۆباما لەگەڵ حەسەن رووحانی كۆببێتەوە

نیویۆرك – KDP.Iinfo/ هەر چەندە پێشتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە كە لە پەراوێزی كۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمەریكا و حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران كۆدەبنەوە، بەڵام گەورە بەرپرسێكی كۆشكی سپی رەتی كردەوە، كە ئۆباما و رووحانی لە نیویۆرك كۆببنەوە. وەك گەورە بەرپرسەكەی كۆشكی سپی گوتی: بە هیچ شێوەیەك سەرۆك ئۆباما لەگەڵ رووحانی لە نیویۆرك كۆنابنەوەو هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەراندەوە كە بەرپرسانی ئێران خۆیان كۆبوونەوەی سەرۆك ئۆباما و رووحانیان رەت كردووەتەوە. گەورە بەرپرسەكەی كۆشكی سپی ئاماژەی بەوەدا، بەر لە كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئیدارەی ئەمەریكا پێشنیاری كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی ئەمەریكا و ئێرانی كرد، بەڵام بەرپرسانی ئێران رازی نەبوون ئەو كۆبوونەوە ساز بكرێت و رەتشیان كردەوە. لەلایەكی دیكەوە بە گوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ، لە پەراوێزی كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئێوارە خوانێك ساز كرا، بەڵام بە هۆی ئامادەبوونی باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمەریكا لەو ئێوارە خوانە، حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران نەچووە ئێوارە خوانەكە.




