ئێران و عێراق پەیوەندییە سەربازییەكانیان پتەوتر دەكەن

تاران – KDP.Iinfo/ بە گوێرەی رۆژنامەی ریازی سعودی، سەعدون دلێمی وەزیری بەرگری عێراق بە وەكالەت لە میانی سەردانەكەی بۆ ئێران، هەر دوولا لە سەر پتەوكردنی هاوكارییەكانی بواری سەربازی و بەرگری لە نێوان بەغدا و تاران رێككەوتن. هاوكات حوسێن دەهقان وەزیری بەرگری ئێران لە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەعدون دلێمی وەزیری بەرگری عێراق بە وەكالەت لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وێرای پشتڕاستكردنەوەی هەواڵەكە هەروەها راشیگەیاند: پتەوكردنی هاوكارییەكانی نێوان ئێران و عێراق لە بواری بەرگری و سەربازی دەبێتە هۆی پتەوكردنی زیاتری هاوسەنگی ئاسایشی و سەقامگیری لە ناوچەكە. دەهقان گوتیشی: ئەم سەردانە دلێمی بۆ ئێران سەردانێكی تایبەتە و كۆمەڵێ پەیامی بۆ هەر دوو لە خۆ گرتووە. لەلایەن خۆشیەوە دلێمی لە لێدوانێكدا ئامانجی سەردانەكەی بۆ ئێران خستە ڕوو، كە بریتیە لە بەهێزكردن و پەرەپێدان بە هاوكارییە هاوبەشەكانی بواری بەرگری و سەربازی لە نێوان بەغدا و تارانە. لە دوو رۆژی رابردوو سەعدون دلێمی وەزیری بەرگری عێراق بە وەكالەت بە سەرۆكایەتی شاندێكی حكوومەتی عێراق سەردانی ئێرانی كرد و چەند دیدارو كۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانەی ئەو وڵاتە ئەنجام دا.




