خۆپیشاندانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دژ بە ئامادەبوونی روحانی لە نیۆیۆرك

نیویۆرك – KDP.info/ هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەی ساڵانەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، خۆپیشاندانێكی گەورەی ئێرانییەكانی دانیشتووی ئەمریكا لەبەردەم بارەگای رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستی پێكردووە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەر بە ئامادەبوونی حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران لەو كۆبوونەوەیەدا. لەو خۆپیشاندانەدا ژمارەیەكی زۆر لە گەورە بەرپرسانی پێشووی ئەمریكا، وەك جۆن بۆلتۆن، پەتریك كەنەدی، رودی جولیانی، سەرۆكی پێشووی پارتی كۆماریخوازی ئەمریكا، وتاریان خوێندەوە، ئەوان لە وتارەكانیاندا رایانگەیاند كە جێی شەرمە بۆ ئەمریكا و بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان كە میوانداریی سەروكی حكومەتێكی دیكتاتۆر و خوێنڕێژی وەك ئێران دەكات. ئەوان و ئامادەبووان هەروەها رایانگەیاند كە حكومەتی ئێران حكومەتێكی پشتیوانیكاری تیرۆر و لەسێدارەدان و ئەشكەنجەیە و هاتنە سەر كاری حەسەن روحانی هیچ لەو پێناسەی ئەو رژێمەی نەگۆڕیوە و ئەو حكومەتە پێویستیی بە گۆڕینە.
مریەمی رەجەوی، سەرۆكی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی بەڕێگەی ئینتەرنێتەوە وتارێكی ئاراستەی خۆپیشاندەران كرد كە لە لایەن ئامادەبوونەوە بە گەرمی پێشوازی كرا.
ئامادەبووان جەختیان كردە سەر سیاسەتی نەشیاوی دەوڵەتانی رۆژئاوا و داوایان لێكردن سیاسەتیان بگۆڕن بەرەو بەڕەسمی ناسینی ئۆپۆزیسیۆنی راستەقینەی ئەو حكومەتە كە رێكخراوی موجاهیدینی خەلق هێزی سەرەكییە تێیدا.
لەو كۆبوونەوەیەدا شریتێكی ڤیدیۆیی پێشكەش كرا كە تایبەت بوو بە پەیامی ریاز ئەسعەد، دامەزرێنەری سوپای ئازادی سوریا بۆ كۆبوونەوەكەدا. ئەسعەد لە پەیامەكەیدا پشتیوانیی كرد لە موجاهیدینی خەلق و حكومەتی ئێرانی شەرمەزار كرد بەهۆی پاڵپشتیكردنی حكومەتی بەشاری ئەسەد. ئەوەو شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا وتاری خۆی خوێندەوە.




