نرخ و جۆری بەنزین هەر وەكو خۆی دەمێنێتەوە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/ ئەمڕۆ چەند دەزگایەكی راگەیاندن هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردەوە كە گوایا دوای بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن جارێكی تر قەیرانی بەنزین لەهەولێر سەری هەڵداوەتەوە لەمبارەیەوە گرفت دروست بووە، بەڵام جێگری قائیمقامی هەولێر كە لەنزیكەوە سەرپەرشتی چۆنیەتی دابەشكردنی بەنزین دەكات ئەو دەنگۆیان بەدرۆ دەخاتەوەو دەڵێت با ئەو راگەیاندنكارانه خۆیان سەردانی بەنزینخانەكان بكەم راستیان بۆ روون دەبێتەوە.
هێرش حوسێن جێگری قائیمەقامی قەزای ناوەندی هەولێر بۆ kdp.infoسەبارەت بە راستی و دروستی ئەو دەنگۆیانە گوتی: من داوا لە راگەیاندنكاران دەكەم كە خۆیان سەردانی بەنزینخانەكان بكەن و راستی بەچاوی خۆیان ببینن و ئاخاوتن لەگەڵ شۆفێرانی بەڕێز بكەن بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ ئەو دەنگۆیانە راستن یاخود نا.
گوتیشی: ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان 95 تانكەری بەنزینی بەكرێ گرتووە بەمەبەستی ئاسانكاری بۆ دابەشكردنی بەنزین بەسەر بەنزینخانەكان و بەهیچ شێوەیەك قەرەباڵغی لە بەنزینخانەكان دروست نابێت و نرخ و جۆری بەنزینیش هەر وەكو خۆی دەمێنێتەوە چونكە ئەو بابەتە هیچ پەیوەندیەكی بە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە نییە.




