٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی نێردە تایبەتییەكانی سەرۆكوەزیرانی بریتانیا دەكات

سەرچاوە: KDP.info

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی 9ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە لۆڕد جۆناتان ماڕلەند سەرۆكی نێردە تایبەتییەكانی سەرۆكوەزیرانی بریتانیا بۆ كاروباری بازرگانی و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا سەرەتا لۆرد جۆناتان ماڕلەند خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان نیشان دا و پیرۆزبایی و سوپاسی خۆیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەركەوتووانەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و ڕێژەی بەشداریی 73%ـی هاووڵاتیانی كوردستان لەو هەڵبژاردنەدا بە مایەی سەرسووڕمان وەسف كرد و گوتی: "ئەم ڕێژەیە بەڵگەیە لەسەر بایەخی ئەم هەڵبژاردنە لە ژیانی هاووڵاتیانی كوردستاندا". لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی نێردە تایبەتییەكانی سەرۆكوەزیرانی بریتانیا باسی بارودۆخ و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانی كرد كە زۆر هاندەرە بۆ وەبەرهێنانی بیانی و ئەوەشی خستەڕوو كە ئێستا مەیلێكی زۆر لای كۆمپانییاكانی بریتانیا هەیە بۆ ئەوەی لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا لە هەرێمی كوردستان كار بكەن و هەروەها بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە بەمزووانە یەكێك لە گەورە بانقە نێودەوڵەتییەكانی بریتانیا لە هەرێمی كوردستان لقی خۆی دەكاتەوە و هەروەها كار بۆ ئەوەش دەكرێ كە زانكۆكانی بریتانیا لە هەرێمی كوردستان لقی خۆیان بكەنەوە.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و خۆشحاڵیی خۆشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا لە بوارە جۆراوجۆرەكان نیشان دا. سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان سەرۆك بارزانی گوتی: "خەڵكی ئێمە لەسەر ئەوە ڕاهاتوون كە بە شێوەیەكی دیموكراتیانە بەشداری ژیانی سیاسی بن و بەشداریكردنی ئەم ڕێژەیەی خەڵك جێگەی ئومێد و خۆشحاڵییە".

بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و سووریا و دۆخی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوون و سەبارەت بە دواڕۆژی سووریا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان بایەخی هەیە ئەوەیە كە لە دواڕۆژی سووریادا دیموكراسی و مافەكانی گەلی كورد مسۆگەر بكرێن. پەیوەست بە باری ژیانی پەنابەرانی سووریا لە هەرێم سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە یارمەتیدانی ئاوارەكان بۆ ئێمە ئەركێكی نەتەوەیی و مرۆڤییە و ئەوەشی بۆ شاندی میوان باس كرد كە كۆمەڵگەی دەولی وەك پێویست گرنگی بە پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی كوردستان نەداوە.

هەواڵی پەیوەندیدار