كۆمسیۆنی هەڵبژاردن: رێژەی دەنگدان لە هەرێم گەیشتە 73.9%

هەولێر – kdp.info/ ئەمشەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە بۆ سەرۆك و ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵاێ سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە شاری هەولێر سازكرابوو، سەربەست مستەفا سەرۆكی كۆمسیۆن وێڕای پیرۆزكردنی ئەو پرۆسەیە لە هەرێمی كوردستان، رایگەیاند رێژەی بەشداریكردن لە دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێم گەیشتۆتە حەفتاو سێ و پۆینت نۆ لە سەدا . ئەوەشی ڕوونكردەوە كە لە پارێزگای هەولێر رێژەی دەنگدان گەیشتۆتە حەفتاو یەك پۆینت حەوت لە سەدا و و لە پارێزگای دهۆك گەیشتۆتە حەفتا و شەش پۆینت چوار لە سەدا . هەروەها لە پارێزگای سلێمانیش رێژەی بەشداریكردن حەفتا و سێ لە سەدا بووە. هاوكات سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاشكراشی كرد كە هەر دەرئەنجامێكی پیشوەختە لە لایەن دەزگاكانی راگەیاندنەوە گوزارشت لە رای كۆمیسیۆن ناكات . سەربەست مستەفا روونیشیكردەوە كە لە هەر وێستگەیەك كاتژمێر پێنج، دەنگدەری تیدا بوبێبێت مافی دەنگدانی هەبووە و ئەمەش لە رێككاریەكاندا لە ساڵی دوو هەزار و پێنجەوە كاری پێدەكرێت. لای خۆشیەوە سەرۆكی بازنەی هەڵبژاردنەكان میقداد شەریفی ئاماژەی بە سەركەوتنی مەزنی پرۆژەكە كرد و راشیگەیاند كە پرۆسەكە زۆر سەركەوتووانە بەڕێوەچو و رێژەی بەشداریكردنیش، ئاستێكی پێوانەیی تۆماركرد. هاوكات نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا پڕۆسەی دەنگدانی بە سەركەوتوو وەسف كرد و رێژەی بەشداریكردنیشی بە باش لە قەڵەم دا و كاری كۆمیسیۆنیشی بە سەركەوتوو وەسف كرد .




