لە هەڵمەتێكی ئەمنیی هێزەكانی میسردا دەیان چەكداری توندڕەو دەستگیركران

میسر – KDP.info/ وەزارەتی ناوخۆی میسر لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە، كە هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە لە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازییدا بە دەیان چەكداری تووندڕەوی تیرۆریستیان دەستگیر كرد و هەروەها دەستیشیان بەسەر ژمارەیەكی زۆری چەك و تەقەمەنی جۆراجۆری قورسدا گرت كە ئەو تیرۆریستیانە بە نیاز بوون لە ناو میسر بۆ كاری تیرۆریستی بەكاری بهێنن. وەك لە بەیاننامەیەكدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكە لە هەر دوو ناوچەی كرداسە و ناهیایەی دەورووبەری شاری قاهیرەی پایتەختی میسر ئەنجام دراو و تێیدا توانیویانە شێست و هەشت چەكداری تووندڕەوی تیرۆریست دەستگیر بكەن ؛ ئەمە وێرای ئەوەی هەر لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازیەدا هێزە ئەمنییەكانی میسر دەستیان بە سەر ژمارەیەك یەكجار زۆری چەك و تەقەمەنی جۆراوجۆری قورسدا گرت كە ئەو چەكدارانە بە نیازبوون بۆ تێكدانی رەوشی میسر بەكاری بهێنن. لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە، ئەمرۆ دوا بە دوای نوێژی هەینی لایەنگرانی ئیخوان موسلیمین لە میسر لە ژێر ناوی گەنجام پشت و پەنای شۆڕشن خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئەنجام دەدەن و سازكردنی خۆپیشاندانەكەش لە سەر داوایەی هاوپەیمانی شەرعیەتی ئیسلامییە كە تەواوی پارتە ئیسلامییە سیاسیەكانی میسر لە خۆ دەگرێت.




