هەفتەی داهاتوو هەردوو سەرۆكی ئەمەریكا و ئێران كۆدەبنەوە
__2013_03_06_h12m36s15__GH.jpg)
ئەمەریكا – KDP.info/ جای كارنی گوتەبێژی كۆشكی سپی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەفتەی داهاتوو لە شاری نیۆیۆرك لە میانی كۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان، باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی كۆدەبێتەوە كارنی داوای لە رووحانی كرد كە بە كردار قسەكانی بسەلمێنێـت نەك تەنیا بە قسە، گوتەبێژەكەی كۆشكی سپی گوتیشی: لەوەتەی روحانی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی ئێرانی گرتۆتە دەست پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتانی رۆژئاوا و ئێران تارادیەك باش نەرمونیانی بە خۆوە بینیوە.
لەلایەكی دیكەوە و هەر بە هەمان شێوە فرانسوا هۆلاند سەرۆكی فەرەنسا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە میانی كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە گەڵ حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران كۆدەبێتەوە. وەك هۆلاند بە رۆژنامەوانانی گوت: لەو كاتەی ئامادەی مەراسیمی سوێند خواردنی یاسای سەرۆكی تازەی ئێران بوو، روحانی داوای كرد كە لە شاری نیۆیۆرك لەگەڵی كۆببێتەوە و بۆیە سەرۆكی فەرەنسا لە لێدوانە رۆژنامەوانیەكەدا دووپاتی كردەوە كە هەفتەی داهاتوو لە سەر داوای روحانی لە گەڵی كۆدەبێتەوە. بە گوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵیش، لە دوای جاك شیراك سەرۆكی پێشووتری فەرەنسا، لە ساڵی دوو 2005هۆلاند یەكەم سەرۆكی فەرەنسا دەبێت كە لە گەڵ سەرۆكی ئێران كۆببێتەوە. لەلایەكی دیكەوە بان كی مۆن سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان جەختی لە سەر هەوڵەكانی حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران بۆ سازكردنی وتوێژ لە گەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد و هەروەها بان كی مۆن هانی حكوومەتی ئێرانیشی دا كە تەواوی بەندكراوە بەناوبانگە سیاسییەكان لەو وڵاتە ئازاد بكات، ئەم لێدوانەی بان كی مۆن لە میانی كۆبوونەوەی لە گەڵ جەواز زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران هات كە لە شاری نیۆیۆرك بەرێوەچوو. سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بەوەشدا، كە هەفتەی داهاتوو لە شاری نیۆیۆرك لە كاتی كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە گەڵ حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران كۆدەبێتەوە. هاوكات بۆ یەكەمجار ئیسرائیل هەڵوەستەی لە سەر یەكەم لێدوانەی حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران كرد، لە هەڵوەستەكەدا، ئیسرائیل لێدوانەكەی روحانی بە هەڵخەڵەتاندن لە قەڵەم دا. نووسینگەی تایبەتی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و لە بەیاننامەكەدا ئیسرائیل داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە بە هیچ شێوەیەك باوەڕ بە سەرۆكێكی ئێران نەكەن كە قسە و گوتارەكانی تاریك و ناڕوونن و هەروەها لە بەیاننامەكدا ئیسرائیل لێدوانەكانی سەرۆكی ئێران لە بارەی سازكردنی وتوێژ لە گەڵ ئەمەریكا و هەندێ لە وڵاتانی رۆژئاوا بە هەڵخەڵەتاندن لە قەڵەم دا.
پێشتریش سەرۆكی ئێران لە لێدوانێكدا رایگەیاند: ئیسرائیل سەرچاوەی تێكدان و شڵەژاندنی رەوشی سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.




