سەرۆكی ئاكەپەی توونجەلی: ناوی توونجەلی دەگۆڕدرێت و دەبێتە دەرسیم

دەرسیم- تایبەت بە KDP.info/ سەرۆكی ئاكەپەی ناوچەی توونجەلی سینان یەرلیقایا كە هەفتەی رابردوو وازی لە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) هێنا، پەیوەندی بە ئاكەپە کرد و كرایە سەرۆكی ناوچەی توونجەلی ئاكەپە رایگەیاند: لەمڕۆ بەدواوە بە بڕیاری حكوومەت ناوی توونجەلی دەگۆڕدرێت و دەبێتەوە دەرسیم و ئەگەر پێویستی بە گۆڕینی یاسایش بكرێت، ئەوا پارتی داد و گەشەپێدان ئامادەی گۆڕانكارییە.
سینان یەرلیقایا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: بە هۆی ئاشنا بوونم لە گەڵ كێشەكانی توونجەلی و هەوڵدانەكانم بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە لە لایەن ئاكەپەیەوە پۆستی سەرۆكایەتی ناوچەكەم پێدراوە.
سینان یەرلیقایا باسی هۆكاری جیابوونەوەی خۆی لە پارتی گەلی كۆماری ( جەهەپە) كرد و گوتی: پێم وانییە كە ئەو پارتە بەم سیاسەت و بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆییەی هەیەتی و بەو عەقڵیەتە بتوانێت بگاتە دەسەڵات.
پارتە سیاسییەكان بۆ گەیشتنە دەسەڵات دادەمەزرێن، نەک بۆ هەڵواسینی تابلۆ، ئامانجی دامەزراندنی پارتە سیاسییەكان خزمەتكردنی جەماوەری خۆیان و ئاوەدان كردنەوەی وڵات و بوژاندنەوەی ئابووری و دابینكردنی بەختەوەری و ئاسوودەییە بۆ هاووڵاتییان، لەبەر ئەمە وازم لە جەهەپە هێنا.
لە بارەی گۆڕینی ناوی توونجەلیشەوە قایا گوتی: خاڵێك لە خاڵەكانی پاكێجی دیموكراسیبوون گەڕاندنەوەی ناوە كوردییەكانی ئەو شوێنانەیە كە ناوەكانیان گۆڕاون و لەم چوارچێوەیەشدا توونجەلی دەگۆڕدرێت و دەبێتەوە دەرسیم. ئەو ناوە لە ساڵی ١٩٣٥ بە هۆی پرۆژە یاسایەكەوە لە پەرلەمان گۆڕاوە و كراوە بە توونجەلی و دواتر ناوی دەرسیم وردە وردە قەدەغە كرا، بەڵام ئەمڕۆ دووبارە توونجەلی دەگۆڕدرێت و دەكرێتەوە بە دەرسیم.
سینان یەرلیقایا رایگەیاند: لە نێو پاكێجی دیمۆكراتیزایبوونەوە توركیا باسی پرسی عەلەوییەكان و جەمخانەكانیش كراوە و لە چوارچێوەی ئەم پاكێجەدا جەمخانەكان ( شوێنی عیبادەتی عەلەوییەكان) دەبنە خاوەن پێگەیەكی یاسایی و بەمجۆرە عەلەوییەكان دەتوانن بە ئاسانی و بە ئازادی مەراسمە ئاینییەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن، پیری عەلەوی پەروەردە بكرێت و مووچەی مانگانەیش بۆ پیرەكان دابین بكرێت.




