ئەحمەد گەرمیانی:ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆئەوەی کێشەی داخستنی سێ بەشی کۆلیژی پەروەردە چارەسەربکەین

ھەولێر_تایبەت بەKDP.info/ئەنجومەنی زانکۆی سەڵاحەدین بڕیاریداوە سێ بەش لە کۆلیژی پەروەردە دابخات،لەبەرامبەردا بەرپرسی پەیوەندیەکانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت:ئێمە وەک یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دژی داخستنی ئەو سێ بەشەین وھەوڵی جدی دەدەین بۆ ئەوەی دانەخرێن.
ئەحمەد گەرمیانی بەرپرسی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەkdp.infoراگەیاند:ژمارەیەک مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین کە ژمارەیان 37مامۆستایە ئیمزایان کۆکردۆتەوە بۆئەوەی ئەو سێ بەشە دانەخرێن وسەردانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیان کردو ئێمەش پشتگیری خۆمان بۆیان دوپات کردهوە.
ئەحمەد گەرمیانی گوتیشی:بۆچارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ئەمڕۆ سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدینمان کردو و رێکكەوتین کە لەدوای ھەلبژاردن کۆبوونەوەیەکی کراوە بەسەر پەرشتی یەکێتی مامۆستایان لەنێوان زانکۆی سەڵاحەدین وئەو مامۆستایانە سازبکرێت بۆئەوەی چارەسەریەک بدۆزرێتەوە.
گەرمیانی راشیگەیاند:مەبەستی زانکۆی سەڵاحەدین بۆ داخستنی ئەو بەشانە ئەوەیە کە لە کولیژی پەروەردە دابخرێن ولە مەخمور وشەقڵاوە بکرێنەوەو مامۆستایان بۆ دابین بکەن،بەڵام ئێمە پێمان وایە ئەو بەشانە زۆر گرنگن وناکرێت لە زانکۆی سەڵاحەدین دابخرێن وپێویستە بمینێن وھەموو ھەوڵێکیش دەدەین بۆ ئەوەی دانەخرێن.
ئەنجومەنی زانکۆی سەڵاحەدین بڕیاریداوە ئەمساڵ ھەر سێ بەشی کوردی وئینگلیزی وعەرەبی لە کۆلیژی پەروەردە دابخات وقوتابی بۆ ئەمساڵ وەرنەگرێت لەو سێ بەشە،ئەمەش بۆتە ھۆی نارەزایەتی مامۆستایانی ئەوبەشانە وئیمزایان لەدژی ئەو بڕیارە کۆکردۆتەوە.




