سوپای عێراق سیستمێكی پێشكەوتووی مووشەكی بەدەست گەیشت

عێراق - KDP.info/ وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاشکرای دەکات، کە هێزی بەرگریی سوپا سیستمێكی پێشكەوتووی مووشەكی بەدەست گەیشتووە، كە تواناكانی هێزی بەرگری بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێكی دەرەكی زیاتر دەكات. وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند : کە هێزی بەرگریی سوپا سیستمێكی پێشكەوتووی مووشەكی بەدەست گەیشتووە سیستمە نوێیەكە مووشەكی بەرگری ئاسمانی و رادار و ئامێری ژاوەژاوكردن لەخۆ دەگرێ، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەسەر جۆری ئەو مووشەكانە ئاشكرا بكات. ئەمە لەكاتێكدایە حەسەن سنێد، سەرۆكی لیژنەی بەرگری لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشتر رایگەیاند بوو : بڕیارە ئەم مانگە یەكەم كاروانی ئەو فڕۆكە روسیانەی، كە پێشتر عێراق بۆ کڕینیان گرێبەستی واژو کردبوو لەگەڵ مۆسكۆ، بگاتە بەغدا، بەبێ ئەوەی جۆری ئەو فڕۆكانە ئاشكرا بكات. چاوەڕوان دەكرێ ئەو چەك و پێداویستییانەی، كە عێراق گرێبەستی لەگەڵ ئەمریكا و رووسیا واژووكردووە بۆ كڕینیان، لەداهاتوویەكی نزیكدا رادەستی بەغدا بكرێن.




