لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر لهبارهی بانگەشەی هەڵبژاردن بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە

سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنەكان، لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێ "جێگای دڵخۆشییە هاووڵاتیانی شاری هەولێر زۆر بە ئازادی و هێمنی و دوور لە توندوتیژی و پێشێلكاری یاسایی خەریكی بانگەشەی هەڵبژاردنن".
لە بەیاننامەكەی لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێردا هاتووە"سوپاسی هەموو لایەك دەكەین كە زۆر بە لێبوردەیی و دڵفراوانی هەموو رەنگ و دەنگەكان و بەبێ جیاوازی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن، هیوادارین لە ماوەی هەفتەی داهاتووشدا بە هەمان شێوە رێز لە یەكتر بگرن و ململانێی نێوان لیست و كاندیدەكانتان نەبێتە هۆكاری دروست بوونی هیچ توندوتیژی و رووداوێكی نەخوازراو".
دەقی بەیاننامەكە:
بەیاننامەیەك لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر
لە كاتێكدا ماوەی دوو هەفتەیە سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان خەریكی بانگەشەی هەڵبژاردنن بۆ كاندیدانی پەرلەمانی كوردستان، جێگای دڵخۆشی و رەزامەندی ئێمەیە كە هاووڵاتیانی بەڕێزی شاری هەولێر و دەورووبەری زۆر بە ئازادی و هێمنی و دوور لە توندوتیژی و كاری پێشێلكاری یاسایی خەریكی بانگەشەی هەڵبژاردنن و سوپاسی ئەم شێوازە شارستانییەی هەموو لایەك دەكەین كە زۆر بە لێبوردەیی و دڵفراوانی و رێز گرتن لە هەموو رەنگ و دەنگەكان و بەبێ جیاوازی پرۆسەی دیموكراسی و بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن، هیوادارین لە ماوەی هەفتەی داهاتووشدا بە هەمان شێوەو باشتریش رێز لە یەكتر بگرن و ململانێی نێوان لیست و كاندیدەكانتان نەبێتە هۆكاری دروست بوونی هیچ توندوتیژی و رووداوێكی نەخوازراو تاكو جارێكی تریش بیسەلمێنین كە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش جەماوەری شاری هەولێر شارێكە شاری پێكەوە ژیان و یەكتر قبووڵكردن و ئاشتی و ئازادی و دیموكراسییە.




