بان کی مون خۆشـحاڵه به‌و وتووێژانه‌ی له نێوان ئه‌مه‌ریکا و ڕووسیا له‌باره‌ی سوریا به‌ڕێوه‌ده‌چن

جنێف – KDP.info/ بان کی مون سـکرتێری گشـتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان خۆشـحاڵی خۆی نیشـانداوه به‌و وتووێژانه‌ی له نێوان ئه‌مه‌ریکا و ڕووسیا سه‌باره‌ت به سوریا به‌ڕێوه‌ده‌چن. ئومێدی خواست ئه‌مه بـبێته مایه‌ی گه‌یشتن به ڕێـکه‌وتنێـک له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ مسۆگه‌رکردنی له ناوبردنی چه‌که کیمیاویـیه‌کانی سوریا.فه‌رحان حه‌ق جێـگری گوته‌بێژی سـکرتێری گشـتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان رایگه‌یاند: بان کی مون پـێـیوایه زۆر گرنگه ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش کارێـک بکه‌ن بۆ ڕێگه‌گرتن له به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی و چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه گه‌وره‌که‌ی سوریا که‌وا بۆ زیاتر له 2 سـاڵ و نیوه درێژه‌ی کێشاوه.هه‌روه‌ها فه‌رحان حه‌ق ڕایگه‌یاند ئه‌خزه‌ر ئه‌لئیبراهمی نێردراوی تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و کۆمکاری عه‌ره‌ب بۆ قه‌یرانی سوریا وا به‌ره‌و جنێڤ ده‌ڕوات تاوه‌کو له‌وێ له باره‌ی پـلانه‌کان له‌گه‌ڵ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا و ڕووسیا وتووێژبکات. وابریاره هه‌ردوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا و ئه‌مریکا له باره‌ی قه‌یرانه‌کانی سوریاوه گفتوگۆ بکه‌ن و رێگا چاره‌یه‌ک بۆ هه‌ڵویستی دژی یه‌کیان له باره‌ی ئه‌و دۆسێیه‌وه بدۆزنه‌وه.




