نەتەوە یەكگرتووەكان : هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان بایەخێكی گرنگی بۆ گەلی كورد و تەواوی عێراق و ناوچەكە هەیە
هەولێر-KDP.info/ ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرواری 12/9/2013 د. دیندار زێباری یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەگەل جێگری نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان (جیۆرجی بۆستین) دیدارێكی سازدا سەبارەت بە رەوشی هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەتایبەتی بە ئامادەبوونی بەرپرسی نووسینگەی یۆنامی لە هەرێم بەڕێز (سۆكۆلأ كۆندی) شاندی یاوەریان.
د.دیندار زێباری تیشكی خستە سەر رۆڵی گرنگی یوئێن لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، لە رووی هەماهەنگی و ئاشتەوایی و لێكتێگەیشتنی لایەنەكان و نزیكخستنەوەیان بۆ دەستەبەری دیموكراسی بۆ هەموو عێراق و پێكەوە ژیانی هەمەلایەنەی چینو توێژەكان لە عێراقێكی فیدراڵدا. هەروەها زێباری ووتیشی لە ئێستادا هەرێمی كوردستان بەرەو ئاییندەیەكی چارەنوسساز هەنگاو دەنێت كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە كەوا بڕیارە لە بەرواری 21/9/2013 لە هەرسێ پارێزگاكە ئەنجام بدرێت بە بەشداری هەموو قەوارە سیاسیەكانی هەرێم. وەك ئەوەی دەبینرێت لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەیە كە فرە ڕەنگیەكی تێكەڵاو و هەمەلایەنەی هەموو قەوارە سیاسیەكانی لێبەدی دەكرێت، بۆیە سەركەوتنی خودی پڕۆسەكە گرنگترینیانە.
لە لایەن خۆیەوە جێگری نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێز (جیۆرجی بۆستین) سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد و تیشكی خستەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان كە سەركەوتنی پڕۆسەكەی بایەخێكی گرنگی بۆ گەلی كورد و تەواوی عێراق و ناوچەكە هەیە، چونگە سیستەمی فیدراڵی حوكمڕانی كوردی نمونەیەكی گەشە بۆ تواوی گەلانی عێراق لەرووی ئاسایش و دابینكردنی مافەكانی مرۆڤ. وە هەرەوەها جێگری نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان جەختیشی لە بەرەو پێشچوونی پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كردەوە كە دەبێت زمانی دیالۆگ زامنی لە یەكگەیشتنی هەردوولا بێت. لە كۆتاییدا بەڕێز (جیۆرجی بۆستین) سوپاسی حكومەتی هەرێمی كرد بۆ پشتگیری و هەمانگی كردنیان.




