٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سیاسەتمەدار و رۆشنبیرەكان داوای جێبەجێ كردنی بە پەلەی هەنگاوەكانی قۆناغی چارەسەری دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

ئەنقەرە- KDP.info/ دوابەدوای لێدوانەكانی كەجەكە بۆ راوەستاندنی پرۆسەی كێشانەوەی هێزە چەكدارەكانی خۆی لە نێو سنوورەكانی توركیادا سیاسەتمەدار و روشنبیرانی توركیاش دەستیان بە هەوڵدان بۆ گوشار خستنە سەر حكوومەتی ئەو وڵاتە كردووە تا بۆ بەردەوام كردنی قۆناغی چارەسەری ئاشتیپرسی كورد بە پەلە هەنگاو بنێت.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی زاپ خەبەر بڵاویكردەوە كە سەرۆكی گشتی تۆهاد – ئیف ئە دە زۆبەیدە تەكەر و ئەندامی كۆمیتەی عەقڵمەندانی توركیا جەلالەدین جان و سەرۆكی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی توركیا و ئەندامی تیمی ناوچەی حەتای كۆمیتەی عەقڵمەندانی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاندووە كە لێدوانەكانی كەجەكە بۆ راوەستاندنی پرۆسەی كێشانەوە نیشانەی جێبەجێ نەكردنی هەنگاوە پێویستەكانی قۆناغی چارەسەرییە و بەرپرسیاریش حكوومەتی توركیایە.

ئەو سێ ناوبراوە جەختیان لە سەر ئەوە كردوەتەوە كە هێشتاكە دەرفەت لە بەردەم توركیادا ماوە و حكوومەت دەتوانێت بە نانی چەند هەنگاوێك قۆناغی چارەسەری لە تێك چوون رزگار بكات.

هەر لەمبارەیەوە روشنبیری ناوداری تورك دۆغۆ ئەرگیلیش ئاماژەی بەوە كردووە كە هەر چەند پرۆسەی كێشانەوەی هێزەكان راگیرا بێت بەڵام ئاگر بەست هەر بەردەوامە و ئەمەیش دەرفەتێكی زۆر باش و ئەرێنییە كە توركیا دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت و بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد هەنگاو بنێت.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار