ئازاد جوندیانی: تاوانباران و بکوژی روپاک عومەر بدۆزنەوە و بیاندەنە دادگا

سلێمانی – تایبەت بە KDP.info/ دوو رۆژ پێش ئێستە هاووڵاتیەکی ئافرەت لە شاری سولێمانی بە هۆی تەقەوە لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، بریندرار دەبێت و دواتر بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دەدات. گومان دەکرێت ئەمە لەئاکامی رکابەری لایەنەکان لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن رویدابێت.
لەمبارەوە لە رونکردنەوەیەکدا ئازاد جوندیانی گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. لە بارەی جوانەمەرگ بوونی رووپاك عومەر، كە لە دوو شەوی رابردوو، بە هۆی تەقەكردنی هەندێک خەڵکەوە بووە قوربانی گوتی: وێرای پرسەمان بۆ خانەوادەی خاتوو پەری،
بە توندیش ئەو كردەوە نابەرپرس و تێكدەرانەیە ئیدانەی دەكەین و داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەسەڵاتی قەزایی و لیژنەی ئەمنی سلێمانی دەكەین، كە بە پەلە و بە وردی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی جدی لە وردو درشتی رووداوەكە بكەن و تاوانبارانی رووداوەكە، بدۆزنەوە و بیاندەنە دادگا.
تاوانبارکردنی لایەنێکی دیاریکراو کە هەندێک لایەن گومان دەکەن رکابەرە سەرەکییەکەی یەکێتی نیشتیمانی لەشاری سلێمانی بزوتنەوەی گۆڕان گومانی بخرێتە سەر، جوندیانی گوتی: ئێمە لە خۆمانەوە هیچ لایەن و كەسێك تاوانبار ناكەین، بەڵام بە پێویستی دەزانین كە داوا لە لایەنە بەرپرسە ئەمنی و قەزاییەكان بكەین كە تاوانباران، هەر كەسێك بن و سەر بە هەر لایەنێك بن بیاندۆزنەوە و بیاندەنە دادگا.
هەمان سەرچاوە دەربارەی دیاردەی چەکداری لە نێو پرۆسەی هەڵبژاردن کە لە سلێمانی بەدیار دەکەوێت هەمان سەرچاوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێت: هاوكات، مەكتەبی سیاسی هەموو شێوازەكانی بەكارهێنانی چەك ئیدانە دەكات و دروستكردنی بارگرژی و ترساندنی بانگەشەكەران بە توندی رەتدەكاتەوە و بڕواشی وایە كە ئەو جۆرە رەفتارانە پیلانە بۆ شێواندنی سیمای بانگەشەكردنی شارستانیانەی خەڵكی سلێمانی، بە تایبەت بۆ هەراسانكردنی بانگەشەكەران و هەوادارانی لیستی 102 یەكێتی، كە بە شێوازی مەدەنیانە بانگەشەی خۆیان ئەكەن و شاریان كردۆتە فێستیفاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن.




