بەهۆی توندوتیژی تائیفی 31 كەس لە هندستان كوژران

هیندستان – kdp.info/ ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە، بە هۆی كاری تووندوتیژی تائیفی لە هیندستان بە لایەنی كەم سی و یەك كەس كوژران و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون ؛ هاوكات پارتە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە بە هەڵگیرسانی كارە تووندوتیژییەكە یەكتریان تۆمەتبار كرد. ئاژانسەكان روونیان كردەوە، لە ناوچەی موزەفەر ناجاری باكووری رۆژهەڵاتی شاری نیودلهی پایتەختی هیندستان كاری تووندوتیژی لە نێوان موسلمانەكان و هیندوسییەكان روویدا و بەو هۆیەوە سی و یەك كەس لە هەر دوولا كوژران و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون، هەڵگیرسانی كارە تووندوتیژییەكەی بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی لەو وڵاتە روویدا كەوا بڕیارە لە ناو مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو بەڕێوە بچێت و تا ئێستا هۆكاری سەرهەڵدانی كارە تووندتیژییەكە نەزانراوە و بەڵام پارتە سیاسیەكانی ئەو وڵاتە یەكتر بە هەڵگیرسانی كارە تووندوتیژیی تایفی تۆمەتبار دەكەن.




