دادگای ئەوروپا بڕیاری سەربەستی دارایی 7 بانكی ئێرانی دەركرد

برۆكسل- KDP.info/ لە كاتێكدا كە ئەمریكا دەیەوێ گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران توندتر بكات، دادگای یەكێتی ئەوروپا بڕیاری ئازاد كردنی داراییە دەستبەسەر كراوەكانی 7 بانك و كۆمپانیای ئێرانی دەركرد.
لەمبارەیەوە ئاژانسی فارسی ئێرانی بڵاویكردەوە كە رۆژی هەینی دادگای یەكێتی ئەوروپا لە بڕیارێكی چاوەڕوان نەكراودا رایگەیاندووە كە هیچ جۆرە بەڵگەنامەیەك لە بەردەستدا نییە کە بۆ دادگا بسەلمێنێت كە ئەو 7 بانك و كۆمپانیا ئێرانییە كە داراییەكانیان لە لایەن یەكێتی ئەوروپاوە دەستبەسەر كراون شەریك و هاوبەشی بەرنامەی ناوەكی ئێران بن.
دادگا لە بەشێكی دیكەی بڕیارەكەی خۆیدا سەرەڕای ئازاد كردنی داراییە دەستبەسەر كراوەكانی بانك و كۆمپانیا ئێرانییەكان ، هاوكات ئاماژەشی بەوە كردووە كە پێویستە یەكێتی ئەوروپا بە زووترین كات ئەو داراییانە ئازاد بكات .
لە لایەكی دیكەوە بەشێك لە بەرپرسانی یەكێتی ئەوروپا پێیان وایە، ئەم بڕیارەی دادگا دەبێتە هۆی سستی گەمارۆ و گوشارەكانی رۆژئاوا بۆ سەر ئێران و بەمجۆرە ئێران دەتوانێت پەرە بە بەرنامە ناوكییەكەی بدات.




