٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

روسیا فشار دەخاتە سەر ئەمەریكا بۆ ئەوەی هێرش نەكاتە سەر سوریا

سەرچاوە: KDP.info

روسیا – KDP.info/ فشارەكانی روسیا لەلایەن فلادیمیر پوتن سەرۆكی ئەو وڵاتە بۆ سەر هاوتا ئەمەریكییەكەی باراك ئۆباما بۆ ئەنجام نەدانی كردەی سەربازی بۆ سەر سوریا درێژەی هەیە و هاوكات لە بەرانبەردا باڵیۆزی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، وڵاتەكەی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بارەی رەوشی ناوخۆی سوریا كار ناكات و ئوبالی ئەمەشی خستە ئەستۆی روسیا و لەلایەكی دیكەوە سیناتۆرێكی دیموكراتییەكان لە كۆنگریسی ئەمەریكا وەشاندنی گورزی سەربازی بۆ دژی سوریا رەت كردەوە.

لە دوایین پێشهاتەكانی ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ سەر سوریا، لە میانی بەستنی لوتكەی وڵاتانی بیست كە لە شاری سان بتر سپۆرگ لە روسیا بەڕێوەچوو، فلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا لە كاتی دیدارێكدا لەگەڵ باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمەریكا ئەوەی یەكەم دوای لەمەی دووەم كرد، كە واز لە بیرۆكەی ئەنجامدانی كاری سەربازی بۆ سەر سوریا بهێنێت، چونكە بە گوتەی پوتن ئەنجامدانی كاری سەربازی بۆ سەر سوریا لەلایەن ئەمەریكاوە زیانی زۆری گیانی و ئابووری بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەێنێت. هاوكات سمانسا پاور باڵیۆزی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: واشنتۆن بە هیچ شێوەیەك كار لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا لە بارەی سوریاوە ناكات ئۆبالی ئەمەشی خستە ئەستۆی روسیاوە و هەروەها باڵیۆزەكەی ئەمەریكا روسیا بەوە تۆمەتبار كرد كە دەستی بە سەر ئەنجوومەنی ئاسایش گرتووە و رێگاشی بە رژێمەكەی ئەسەد داوە كە كۆمەڵ كوژییەكەی چەند رۆژی رابردوو ئەنجام بدات، كە بە هەزاران كەس لەو كارەساتەدا كوژران.

 لەلایەكی دیكەوە جۆ مانشین سیناتۆری دیموكراتییەكان لە كۆنگریسی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا بەرهەڵستی خۆی لە ئەنجامدانی كاری سەربازی بۆ دژی سوریا لەلایەن وڵاتەكەیەوە نیشان داو رایگەیاند: ئەو بە هیچ شێوەیەك لە گەڵ وەشاندنی گورزی سەربازی بۆ سەر رژێمەكەی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا نییە.

هەواڵی پەیوەندیدار